قاڵیباف : بە نووسراوە پێمان ووتراوە یاسای حیجاب ڕابگرین
پەیامی کورد ... قاڵیباف : بە نووسراوە پێمان ووتراوە یاسای حیجاب ڕابگرین
یاسای داسەپاوی حیجابی زۆرەملێ، ناسراو بە یاسای "عیفاف و حیجاب"، لە ڕاگەێندراوێکدا بە نووسراوە لە لایەن شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیمەوە ڕاگیراوە.
سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، بۆ یەکەم جار درکاندی کە ئەم یاسایە بە نووسراوە لەلایەن ئەم شۆرایەوە ڕاگیراوە.
محەممەدباقر قاڵیباف لە کۆبوونەوەیەکی مەجلیسدا و ڕوو لە یەکێک لە ئامادەبووان، بە ئاماژەدان بەوەی کە تاکوو ئێستا نەیویستووە کە ئەم بابەتە باس بکات ووتی: "شۆرای باڵای ئەمنییەت بە شێوەی نووسراوە پێمانی ڕاگەیاندووە کە ئەم یاسایە بۆ قۆناغی جێبەجێکردن ڕانەگەێنین".
یاسای ئاماژەپێکراو پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لەلایەن دەزگای دادوەری ڕێژیمەوە نووسرا و پاسان لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا ڕادەستی مەجلیس کرا تاکوو بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
یاساکە هەر لە سەرەتاوە ناکۆکی لە نیوان سێ دەسەڵاتی یاسادانەر، دادوەری و جێبەجێکاری ڕێژیم هێنایە ئاراوە.
بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی توندئاژۆی ڕێژیم خوازیاری جێبەجێکردنی تەواوەتی یاساکە لە زووترین کاتدا بوون بەڵام چەند ڕەوتێکی دیکە لە دەسەڵات دا جێبەجێکردنی ئەم یاسایەیان لە بارودۆخی ئێستای ڕێژیم لە ناوخۆ و دەرەوەی ووڵات بە باش نەزانیوە.
پێشتر مەحموود نەبەوییان، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللی و سیاسەتە دەرەکییەکانی مەجلیسی ئێران ، ڕایگەیاندبوو کە لەو کاتەیدا کە ئەم یاسایە لەلایەن مەجلیسەوە پەسەند کراوە، ڕێژیمی بەشار ئەسەد نەڕووخاوە و حەسەن نەسروڵڵاش هێشتا نەکوژراوە.
ئەم قسانەی نەبەوییان دواتر دژکردەوەی توندئاژۆکانی ڕیژیمی لێ کەوتەوە بەڵام سەرەڕای ئەوەش ڕێژیم لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە بارودۆخی ئێستادا خۆی بواردووە.
ئەزموونەکانی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" نیگەرانی جیددی بۆ بەرپرسانی باڵای ڕێژیم درووست کردووە کە بە جێبەجێکردنی یاسای حیجاب، جارێکی دیکە سەرهەڵدانیکی لەم شێوەیە دەست پێ بکات و لە دۆخی هەنووکەدا کە کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی ووڵات لاواز بووە، کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕێژیم بهێنێت.
هەر بەم هۆیە شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم، بە لەبەرچاوگرتنی لاوازی دەسەڵات و شکستی بەردەوام لە سیاسەتەکانیدا بەتایبەتی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، فەرمانی ڕاگرتنی یاسای حیجابی زۆرەملێی بۆ سەر ژنان ڕاگەیاندبوو.
ئەم بابەتە 43 جار خوێندراوەتەوە