قایمقامی ئاکرێ : " ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە ئاکرێ جێ بەجێ دەکرێن"
پەیامی کورد ... قایمقامی ئاکرێ : " ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە ئاکرێ جێ بەجێ دەکرێن"
قائیمقامی قەزای ئاکرێ جێ بەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری قەزاکە راگەیاند و دەڵێ، پڕۆژەی تەلەفریکی ئاکرێ و بەرھەم ھێنانی روون و تۆنێلی چیای پیرس لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوونە قەزای ئاکرێ.
دلاوەر بۆزۆ ، قائیمقامی ئاکرێ ڕایگەیاند" ئەمساڵ ژمارەیەک پڕۆژەی گرینگی وەبەرھێنان لە دەڤەری ئاکرێ جێ بەجێ دەکرێن لەوانەش پڕۆژەی بەرھەم ھێنانی زەیتون و بەرھەم ھێنانی روون، کە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی ئاکرێ، لەناحیەی گردەسێنین پڕۆژەیەکی گەورەی بەخێوکردنی ئاژەل و لە ناحیەی بجیل یش پڕۆژەی ماسی جێ بەجێ دەکرێت، لەناو سەنتەری قەزای ئاکرێش پڕۆژەیەکی گەورەی شاری یاری درووست دەکرێت و دەست بە جێ بەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە، ھەروەھا ئەمساڵ پڕۆژەی ستراتیژی تەلەفریکی ئاکرێ دەچێتە بواری جێ بەجێکردن.
قائیمقامی ئاکرێ ووتی" لە بواری رێگاو بانیش ھەنگاوی زۆر باش نراون، لەوانەش درووست کردن و فراوان کردنی چەندین رێگای سەرەکی و ناوخۆیی لە سنووری قەزای ئاکرێ، پڕۆژەی تۆنێلی چیای پیرس یەکێک لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژیەکانی ئاکرێ ئەویش دەچێتە بواری جێ بەجێکردن.
دلاوەر بۆزو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ قۆناغی زۆری بڕیوە و بە تەواوبوونی ٩٠%ی کێشەی کەم ئاوی لە سنووری قازای ئاکرێ چارەسەر دەکات و چەندین پڕۆژەی دیکە لە بوارەکانی ئاو و کارەبا و رێگاو بان و تەندرووستی و پەروەردە خراونەتە ناو پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی رەزامەندیان لەسەر بدرێت بۆ جێ بەجێکردن.
ئەم بابەتە 12005 جار خوێندراوەتەوە