قایمقامی سێمێل : ژمارەیەک پڕۆژە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە

پەیامی کورد   ...   قایمقامی سێمێل : ژمارەیەک پڕۆژە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە

قایمقامی قەزای سێمێل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەچنە بواری جێبەجێکردن و بڕیارە لە قۆناغی یەکەم ئەمڕۆ، دووشەممە بە گوژمەی پێنج ملیار دینار بەردی بناغە بۆ یاریگایەکی سەردەمیانە دابنرێت.

خەلیل مەحموود، قایمقامی سێمێل ڕایگەیاند: کۆمەڵگایەکی وەرزشی لە قەزای سێمێلی سەر بە پارێزگای دھۆک دەکرێتەوە، لە قۆناغی یەکەمدا بەردی بناغە بۆ یاریگایەکی سەردەمیانە دادەنرێت و بڕیارە سبەی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەت بەردی بناغە بۆ یاریگای سێمێل دابنرێت و بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت.

قایمقامی سێمێل ووتی : لە قۆناغەکانی دوای درووستکردنی یاریگا چەندین پڕۆژەی دیکەی وەرزشی و خزمەتگوزاری وەرزشی لەنێو کۆمەڵگایەکە جێبەجێ دەکرێن بۆ وەرزشوان و وەرزشدۆستانی سنووری دەڤەری سێمێل.

خەلیل مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: جگە لە پڕۆژە وەرزشییەکان لە ماوەکانی داھاتوودا ژمارەیەکی دیکەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن، ساڵی ڕابردووش ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێکران و کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی قەزای سێمێل ھەبوو، پڕۆژەکانی ئەمساڵیش کاریگەرییان دەبێت.


ئەم بابەتە 10975 جار خوێندراوەتەوە