قوباد تاڵەبانی : حکوومەتی هەرێم نییەتی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە

پەیامی کورد      ...    قوباد تاڵەبانی : حکوومەتی هەرێم نییەتی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئاڵمانیا کۆبونەوە و رایگەیاند، حکوومەتی هەرێم نییەتی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە و لە دوای پەسندکردنی یاسای بوودجەشەوە حکوومەتی هەرێم ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیكدا شاندی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتە تەکنیکیانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکەدان.

نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئە‌نجوومە‌نی وەزیران بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ قوباد تاڵە‌بانی  پێشوازی کرد لە ئۆلە دیل، باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئاڵمانیا و چەند پرسێکی گرینگی دیکەیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە کلێمنس سێمتنەر، کۆنسووڵی گشتی ئاڵمانیا لە هەرێم و دابان شەدەلە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش ئامادەبوون، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرینگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئاڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا و جێگری سەرۆک وەزیرانیش داوایکرد ئاڵمانیا رۆڵی زیاتر ببینێت لە هاوکاریکردنی هەرێم بۆ پێشخستنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و چاکسازیکردن لە سیستەمی حکومرانی.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی پەرلەمانی عێراق کرا و هەردو لا هاوڕابون لەسەر ئەوەی پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بە شێوەی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و ئەمەشیان بە گرینگ زانی بۆ سەقامگیری سیاسی و پرسی دیموکراسی و بەرەوپێش چوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد ئاڵمانیا و ووڵاتانی هاوپەیمان هاوکاری عێراق بکەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

تەوەرێکتری کۆبوونەوەکەدا تایبەت بو بە تاوتوێ کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ، لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، "نیەتی حکوومەتی هەرێم چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە و لە دوای پەسندکردنی یاسای بوودجەشەوە حکومەتی هەرێم ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیكدا شاندی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتە تەکنیکیانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکەدان".


ئەم بابەتە 11998 جار خوێندراوەتەوە