قوباد تاڵەبانی لە دیداری لەگەل باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق باس لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢١ و مافەکانی هەرێم دەکات

پەیامی کورد     ...    قوباد تاڵەبانی لە دیداری لەگەل باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق باس لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢١ و مافەکانی هەرێم دەکات

قوباد تاڵە‌بانی و باڵیۆزی ئە‌مریكا لە‌ عێراق کۆبوونەوە و لەبارەی پرسی دانووستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢١ گفتوگۆیان کرد.


نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە‌میانەی سە‌ر‌دانە‌كە‌یدا بۆ بە‌غدا، پاشنیوە‌ڕۆی ئە‌مڕۆ، قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران، لە‌گە‌ڵ باڵیۆزی ئە‌مریكا لە‌ عێراق ماپیۆ تۆلە‌ر كۆبووە‌وە و، دواپێشھات و گۆڕانكارییە‌ سیاسی و ئە‌منییە‌كان خرانە‌ بە‌رباس.

لەڕاگەێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ھێرشە‌ مووشە‌كییە‌كە‌ی سە‌ر شاری ھە‌ولێر بە‌شێكی تری گفتوگۆكان بوو و هەردوولا جە‌ختیان لە‌ گرینگی پاراستنی ئارامی عێراق و كوردستان كردە‌وە‌.
جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران باسی لە‌ ڕێڕە‌وی گفتوگۆكانی شاندی ھە‌رێم كرد لە‌بارە‌ی پڕۆژە‌ یاسای بوودجە‌ی ٢٠٢١ی عێراق و كۆبوونە‌وە و دیدارەکان لە‌گە‌ڵ لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێوارەی ١٤ی ئەم مانگە، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدای کردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢١ کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە و بڕیارە لە ٤٨ کاتژمێری داهاتودا دەنگی لەسەر بدرێت.
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، تاوه‌كوو ئێستا سه‌رجه‌م مادده‌كانی پرۆژه‌یاسای بوودجه‌ ته‌واوكراون، ته‌نها ئه‌و ماددانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ ماون. 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێكهاته‌ی كورد به‌ ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌، "ئه‌و ده‌قه‌ حكوومییه‌ قبووڵ ده‌كات كه‌ هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوون، به‌ڵام لیژنه‌ی دارایی تا ئێستا رێكه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر نه‌كردووه‌".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ ماوه‌ی ٤٨ كاتژمێری داهاتوودا پرسی په‌یوه‌ست به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌ و چاره‌سه‌رده‌كرێت، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ یان سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌ ده‌درێت.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە