قوباد تاڵەبانی و عەمار حەکیم پرسی قەرەبووکردنەوەی کەس وکاری ئەنفال تاوتوێ دەکەن
پەیامی کورد ... قوباد تاڵەبانی و عەمار حەکیم پرسی قەرەبووکردنەوەی کەس وکاری ئەنفال تاوتوێ دەکەن
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە یاوەری تەیموور تاقانەی بەجێماوی ئەنفال سەردانی عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و هاوپەیمانی (عراقیوون) یان کرد و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوانیان کرد لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەغدا بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستی قەرەبووکردنەوەی کەس وکاری ئەنفالکراوان و بەرکەوتوانی کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە و داوایکرد "عەمار حەکیم و رەوتی حیکمە پشتگیری دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی پاشماوەکانی جینۆسایدی کورد بکەن."
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا تەیموور تاقانەی ئەنفال کە شایەتحاڵی پرۆسەی ئەنفال و رزگاربووی گۆڕە بە کۆمەڵەکانە، چیرۆکی خۆی و کەس وکارەکەی گێڕایەوە کە چۆن ئەنفال کراون و بەرەو گۆڕە بەکۆمەڵەکان براون، هەروەها باسی کێشە و گرفتەکانی کەس وکاری ئەنفالکراوانی کرد لەئێستادا.
لای خۆیەوە، عەمار حەکیم وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ خەم و ژانی ئەنفالکراوان، تەیموری وەک شەهیدی زیندوو ناوبرد و وێڕای دەربڕینی پشتگیری خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەس وکاری ئەنفالکراوان و بەرکەوتوانی کیمیاباران، رایگەیاند پێویستە گرینگی زیاتر بدرێت بە دۆسیەی ئەنفال و چیرۆکەکانی ئەنفال بەجۆرێک کە نەوەکانی ئێستا و داهاتووی عێراق ئاگاداری ئەو تاوانە گەورەیەبن کە رژێمی بەعس بەرامبەر بە گەلی کورد کردویەتی.
بڕیارە هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال و بەرکەوتوانی کیمیارانی هەڵەبجە، قوباد تاڵەبانی سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بکات لە بەغدا.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە