قوباد تاڵەبانی پەیامێک سەبارەت بە چاکسازی لە کەرتی تەندرووستی بەتایبەت لە بواری دەرمان ڕادەگەێنێت

پەیامی کورد      ...    قوباد تاڵەبانی پەیامێک سەبارەت بە چاکسازی لە کەرتی تەندرووستی بەتایبەت لە بواری دەرمان ڕادەگەێنێت

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی تەندرووستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد، كار لەسەر بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندرووستی بكەن، لەپێناو باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان و چاكسازیش بكەن لەو كەرتەدا. 
ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی ئابی ٢٠٢١، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر، بەئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و ئابووری وپلاندانان و تەندرووستی، كۆبوونەوەیەكی تایبەتی سەبارەت بەڕێكخستنەوەی سیستەمی تەندروستی لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدا.
لەكۆبوونەوەكەدا كە سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ووتەبێژی حكوومەت ئامادەی بوون، پلانەكانی وەزارەتی تەندروستی خرایەڕوو لەبارەی پەرەپێدان و باشتركردنی كەرتی تەندرووستی و بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندرووستی لەهەرێمی كوردستان.
لەكۆبوونەوەكەدا وەزیری تەندرووستی راپۆرتێكی خستەڕوو لەبارەی كارو پلانەكانی وەزارەت بۆ چاكسازی و چۆنییەتی باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان و بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروووستی بەشێوازێك كە خزمەتی تەندرووستی باشتر پێشكەش بەهاووڵاتیان بكرێت.
قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە كە دەبێت چاكسازی بكرێت لەكەرتی تەندرووستی بەتایبەت لەبواری دەرماندا، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندرووستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد كاری پەلەی لەسەر بكەن، ووتیشی: دەبێت هاوسەنگی و كێبڕكێ هەبێت لەنێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتی تەندرووستی بەشێوازێك كە هاووڵاتیان تێیدا سوودمەند بن.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە