قۆباد تاڵەبانی لە ئەرمینیا كۆمەڵێك رێككەوتنی سەرەتایی واژوو كرد
پەیامی کورد ... قۆباد تاڵەبانی لە ئەرمینیا كۆمەڵێك رێككەوتنی سەرەتایی واژوو كرد
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ كۆماری ئەرمینیا بە جیا لەگەڵ مهر گریگۆریان، جێگری سەرۆك وەزیران و هایك چۆپان یان، وەزیری پیشەسازی تەكنەلۆژیای زانیارییەكانی ئەرمینیا كۆبووەوە و لەگەڵ هەردوولا گەیشتنە كۆمەڵێك رێككەوتنی سەرەتایی.
لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئەرمینیا كرا. هەروەها بڕیاردرا تیمی هاوبەش لەنێوان هەرێمی كوردستان و ووڵاتی ئەرمینیا درووست بكرێت بە مەبەستی گواستنەوەی ئەزموونی ئەرمینیا لەڕووی بە ئەلكترۆنیكردنی حكوومەت و پەرەپێدانی تەكنەلۆژیای زانیاری.
لەتەوەرێكی تری قسەكاندا، باسی پێكەوەبەستنی زانكۆ پۆلی تەكنیكییەكانی كوردستان و ئەرمینیا كرا بەمەبەستی ئەنجامدانی كاری هاوبەشی زانستی.
لە درێژەی سەردانەكەیدا بۆ ئەرمینیا، جێگری سەرۆك وەزیران و وەفدی یاوەری لەگەڵ شاندێكی یەكێتی كۆمپانیا پێشكەوتووەكانی بواری تەكنەلۆژیای زانیارییەكانی ئەرمینیا كۆبووەوە، پاش گفتوگۆی چڕ رێككەوتنێكی سەرەتایی كرا بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی ئەرمینیا بێنە هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی بەرفراواندا منداڵ و نەوجەوانانی تەمەن ١٠_١٨ ساڵان فێری ئای تی و تەكنەلۆژیای زانیاری بكەن كە ئەمە پرۆگرامێكی تایبەتی كۆماری ئەرمینیایە.
ئەم بابەتە 11997 جار خوێندراوەتەوە