قەرزی ئاو لە سەر هاووڵاتیان بەم شێوەیە گۆڕانکاری بەسەردا دێت

پەیامی کورد     ...   قەرزی ئاو لە سەر هاووڵاتیان بەم شێوەیە گۆڕانکاری بەسەردا دێت

 بە ھۆی ھەبوونی كێشە و زۆربوونی قەرزی كرێی ئاو لەسەر ھاووڵاتیان، بڕیارە پێداچوونەوە بە پرسی پێوەری ئاودا بكرێت، ئەندامێكی لیژنەی شارەوانیش دەڵێ، بڕیارە داشكاندنێكی گەورە بۆ قەرزی ئاو بكرێت.

كلارا عۆدیشوو، ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: "ژمارەیەكی بەرچاوی پشكداری ئاو گلەیی لە كرێی ئاو دەكەن و قەرزێكی زۆر لەسەر ھاووڵاتیانە، لەبەر ئەوەش ئێمە كار بۆ كەمكردنەوەی قەرزی ھاووڵاتیان دەكەین و بڕیارە داشكاندنێكی زۆر بۆ قەرزی ئاو بكرێت".

ئەندامەكەی لیژنەی شارەوانی دەشڵێت: "لەگەڵ وەزیری شارەوانی و بەڕێوبەری گشتی، پرسی پێوەری ئاومان تاوتوێ كردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی قەرزەكە بدرێت، بە مەرجێك ھاووڵاتیش پابەند بێت بە بەستنی پێوەری ئاو".

عودیشو روونیشی كردەوە: "كێشە لە بەشێكی پێوەرەكانی ئاودا ھەیە و ھەندێ لە پێوەرەكان ھەواش دەخوێننەوە، لەبەر ئەوەش ھاووڵاتیان چەندی دەست بە ئاوەوە بگرن، پارەیەكی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر پێوەرەكە بگۆڕن بۆ جوری باشتر و قەرزەكانیان كەم بكرێتەوە، كێشەكە كۆتایی دێت و بە پێوەری دروستیش مانگانە پارەیەكی زۆر كەم بۆ ھاووڵاتیان دەگەڕێتەوە".


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە