قەیرانێکی گەورە بەرەو ڕووی عێراق دەبێتەوە

پەیامی کورد   ...  قەیرانێکی گەورە بەرەو ڕووی عێراق دەبێتەوە

ماڵپەڕی "عەرەب نیوز" لە راپۆرتێكدا لەژێرناونیشانی “عەمباری ئاویی عێراق بەرەو ووشكبوونە و ئاستی ئاو دەگاتە نزمترین ئاست” بڵاوكردوەتەوە و تێیدا دەڵێت عێراق بەدەست قەیرانێكی گەورە و كەمی ئاوەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایكردووە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دان بەوەدا بنێت كە یەدەگی ئاو لە عێراق گەیشتووەتە نزمترین ئاست لەمێژوودا، ئەمەش وایكردووە عێراق لە لێواری دەگمەنییەكی ئاوی گەورەدا بێت.
ماڵپەڕەكە، ئاماژەی بەوەش كردووە، بەگوێرەی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، ٩٠%ی ڕووباری ووڵاتەكە تووشی پیس بوون بووە، لەكاتێكدا عێراق دەتوانێت تەنها ١٥%ی پێویستی ئاوی تا ساڵی ٢٠٣٥ دابین بكات، هەروەك نزیكەی ٧٠%ی زۆنگاوەكان وشك بوون، ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆر لە جۆرەكانی ماسی مەترسی لەناوچوونیان لەسەر بێت.
ئەوەش هاتووە: گۆڕینی ئاڕاستەی ئەو ئاوانەی لە سەرچاوەكانەوە دەڕژێنە ڕووبارەكانی دیجلە و فوڕاتەوە لە توركیا و ئێران دۆخەكەی خراپتر كردووە و بۆتە هۆی لەدەستدانی بڕێكی زۆر ئاو و دەستەوەستانی لە دابەش كردنی سەرچاوەكانی ئاو ، هەروەك ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی نەتەوەیەكگرتووەكانیش هۆشداری داوە لەوەی كە بەهۆی بارودۆخی ووشكەساڵی یەوە زیاتر لە ٦٢ هەزار كەس لە سەرتاسەری عێراق ئاوارەبوون.
لەكۆتاییدا ئاماژە بەوەكراوە كە لەناوچەی زۆنگاوەكانی باشووری عێراق دۆخەكە خراپتریشە، بەو پێیەی بەكرداری لە دۆخی فشەڵیی ژینگەییدا دەژین و لەسەدا ٦٠ی زەوییەكانی بوونەتە خاكێكی ووشك.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە