كێشەی دواکەوتنی مووچە چارەسەرکرا
پەیامی کورد ... كێشەی دواکەوتنی مووچە چارەسەرکرا
سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە گەیشتوەتە دەست وەزارەتی دارایی و كێشەی دواکەوتنی مووچە چارەسەرکراوە.
سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دای ئەوەی بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە، ٢٤ی ئایار خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاونەکرایەوە و تەنها مووچەی دوو وەزارەت دابەشکرا، بەڵام لەئێستادا پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دابینکراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای گەیشتنی پارەی پێویست بۆ بانکی ناوەندی هەرێم، پێدانی مووچەی فەرمانبەران خێراتر دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت لەهەفتەی داهاتوودا مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان خەرج بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان ٢٥ی ئەم مانگەش کاتێک دەست بەدابەشکردنی مووچە کراوە وەزارەتی دارایی کەمتر لە ٢٠٠ ملیار دیناری لەبەردەست بوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە کە"داهاتی نەوت و بەشێک لەداهاتی ناوخۆ نەخراوەتەبەردەست وەزارەتی دارایی".
بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم دەڵێن، چاوەڕێ دەکەن مانگانە نزیکەی ٧٥٠ ملیار دینار لە بەغداوە بگاتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانن مووچەی فەرمانبەران دابین بکەن جگە لەخەرجییەکانی دیکەی حکوومەت، ئەوە لە کاتێکدایە مووچە بێ لێبڕین پێویستی بە نزیکەی ٨٩٥ ملیار دینارە.
ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە