لاهوور جەنگی داوای چارەسەر کردنی کێشەکانی لەگەڵ بافێڵ تاڵەبانی دەکات
پەیامی کورد ... لاهوور جەنگی داوای چارەسەر کردنی کێشەکانی لەگەڵ بافێڵ تاڵەبانی دەکات
جەمیل هەورامی، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان رایگەیاند، ماوەیەک پێش ئێستا، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە نامەیەک داوای کۆبوونەوەو چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کردوە. دەشڵێت: پرسی ژەهرخواردكردنی چەند سەركردەیەكی یەكێتی پەیوەندییان بە یەكدییەوە نییە.
جەمیل هەورامی، ئەمڕۆ شەممە، ڕایگەیاندووە شەوی رابردوو لەگەڵ مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان قسەی کردووە و تەندرووستی "باش" بوە و مەلا بەختیار پێی وتووە دوو هەفتەی دیکە دەگەڕێتەوە.
لەماوەی رابردوودا بۆ پشكنین چەند سەركردەیەكی یەكێتی چوونەتە دەرەوەی ووڵات، تاوەكوو ئێستا ژەهرخواردكردنی مەلا بەختیار و وەستا حەسەن نووری، بەڕێوبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی پشتڕاست كراونەتەوە. جگە لەوەش پێشتر بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لە چەند بۆنەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەڵگەی هەیە كە ژەهرخوارد كراوە.
جەمیل هەورامی لەوبارەیەوە وتویەتی "جگە لەو سەرکردانە هیچ سەرکردەیەکی دیکە ژەهرخوارد نەکراوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەمیل هەورامی هەروەها ڕایگەیاندووە "بەشێوەیەکی گشتی نەخۆشی لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوەتەوە بە تایبەتی ئاوی دووکان کەمبوەتەوە و گەیشتوەتە لیتە و بەباشی ناپاڵێورێت، هەروەها چەند جۆرێکی خواردەمەنی کوالێتی خراپ دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان و هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی."
دەربارەی روونكردنەوەكەی ئەمڕۆی سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیارەوە كە تێیدا هاتبوو""بەڵگە سەرەتاییەكان دەریدەخات کە ژەهراویکردنی مەلا بەختیار دەمێكە ئەنجامدراوە؛ كاری دوو مانگ و سێ مانگ نییە". جەمیل هەورامی وتوویەتی"روداوی ژەهراویکردنی ئەو سەرکردانەی یەکێتی پەیوەندییان بە یەکدییەوە نییە هەر یەکەیان لە کاتێکی جیاواز بوون."
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە