لایەنە شیعەکان لەسەر کاندیدکردنى نووری مالکی دابەش بوون و ناکۆکی لە نێوانیان درووست دەبێت
پەیامی کورد ... لایەنە شیعەکان لەسەر کاندیدکردنى نووری مالکی دابەش بوون و ناکۆکی لە نێوانیان درووست دەبێت
لایەنە شیعەکان لەسەر کاندیدکردنى نووری مالکى سەرۆکى دەوڵەتى یاسا دابەشبوون بەسەر دوو بەرەداو تائێستاش نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناو کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی هێزەکانی ناو "هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی" لایەنە شیعییەکانی نزیک لە ئێران لە ماڵی عەممار حەکیمی سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانیی، بەشێک لە وردەکارییەکانی ناو کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کردووە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو هێزانە لەسەر پرسی کاندیدبوونی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دابەش بوون و ناکۆکییان هەیە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم لایەنە شیعییەکانی نزیک لە ئێران تێیدا ئامادە بوون، باسیان لە چەندین دۆسییەکردووە کە پەیوەندیدار بووە بە پرسی پێکهێنانی حکومەتەوە، لەناویاندا دیاریکردنی کەسایەتییەک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام لەسەر ئەو بابەتە نەگەیشتوونەتە ئەنجام و ناکۆکی لەنێوان لایەنەکاندا درووست بووە، بەتایبەت کە بەڕوونی دەرکەوتووە کە مالیکی نیازی هەیە بێتە ناو بازنەی ململانێی بەدەستهێنانی پۆستەکە.
سەرچاوەکە ئەوەشی وتووە: زۆرینەی سەرکردەکانی ناو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی کاندیدبوونەوەی مالیکین و پێیان باش بووە کەسایەتییەکی پلە دوو لەناو پارت و لایەنە شیعییەکان خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات، بەڵام مالیکی بەوە رازیی نەبووە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە تایبەتە، لەکۆبوونەوەکەدا بەشێوەیەکی سەرەتایی ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە ئەو لایەنەی زۆرترین کورسی پەڕلەمانیی هەبێت، ئەوە مافی کاندیدکردنی پاڵێوراوی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی هەبێت، بەو واتایەی هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتیی هادی عامری کە لەدوای کشانەوەی کوتلەی سەدر خاوەنی رت کورسییە ، مافی دەستنیشانکردنی پاڵێوراوی پۆستەکەی هەیە.
لەکۆتاییدا سەرچاوەکە باسی لەوەکردووە کە هەموو ئاماژەکان ئەوەیان لێدەخوێدنرێتەوە کە ئەم کەسایەتییانە دەچنە ناو کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی حکومەتی داهاتوو، کە ئەوانیش بریتین لە : محەمەد سودانی وەزیری کار و کاربواری کۆمەڵایەتیی، محەمەد غەبان وەزیری پێشووی ناوخۆ و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەر.
ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە