لیوا تەڵعەت سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە دووزخورماتوو ووردەکاری دەخاتە ڕوو

پەیامی کورد    ...    لیوا تەڵعەت سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە دووزخورماتوو ووردەکاری دەخاتە ڕوو

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی، ھێزی پێشمەرگە بە ھاوکاری ھاوپەیمانان لە سنووری قەزای دووزخورماتوو ئۆپراسیۆنێکیان دژی داعش ئەنجام دا، بەو ھۆیەوە ھەشت چەکداری داعش کوژراون و پێنج ئۆتۆمبێل و ماتۆرسیکلیان تێک شکێندراون و چەندین مۆڵگەشیان خاپوور کراون.

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت، ووتی: "ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە بە ھاوبەشی لەگەڵ ھاوپەیمانان لە ناوچەی زنانە و داوودە لە سنووری قەزای دووزخورماتوو ئۆپراسیۆنێکیان دژی داعش ئەنجام دا، ھێزی پێشمەرگە بە زەمینی و ھاوپەیمانان بە فڕۆکە، لەو ناوچانەی داعش جمووجۆڵی زۆر بووە ئۆپراسیۆنەکەیان بەڕێوە برد.''

لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت ووتیشی: "لە ئەنجامی ئەو ئۆپراسیۆنە ھەشت چەکداری داعش کوژراون و دوو ئۆتۆمبێل و سێ ماتۆرسیکلیان تێک شکێندران و چەند مۆڵگەیەکیان لەناو بردراون و خاپوور کراون، چوونکە لەو ناوچانە جمووجۆڵی داعش گەلێک زۆر بووە .

تەڵعەت باسی لەوەش کرد: "ئەو ناوچانە کوردنشینن و ھێزی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان ئەو ئۆپەراسیۆنەیان ئەنجام دا و ھێزی عێراقی بەشدارییان تێدا نەکردووە."


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە