لیوا تەڵعەت سەبارەت بە شێواز و چۆنیەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان زانیاری دەخاتە ڕوو
پەیامی کورد ... لیوا تەڵعەت سەبارەت بە شێواز و چۆنیەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان زانیاری دەخاتە ڕوو
ئەم مانگە زیاتر لە ٢٠ ئۆپراسیۆن دژی چەکدارانی داعش بەڕێوە چووە و، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق دەڵێت، لەوەتەی ژوورە ھاوبەشەکان پێک هاتوون، کاریگەری باشیان لەسەر جووڵەی داعش ھەبووە و بڕیار دراوە لە ھەرشوێنێک جووڵەی داعش ھەبێت و زانیاری لەلایەن ژوورە ھاوبەشەکانەوە بدرێت، ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان سوپا و پێشمەرگە و ھاوپەیماناندا لەو ناوچەیە بەڕێوە ببرێت.
لیوا عەبدۆلخالق تەلعەت، ڕایگەیاند: ''پێکهاتنی ژووری ھاوبەشی عێراق و ھەرێم لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا وای کردووە کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر جووڵەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان ھەبێت و ئێستا جموجۆڵی داعش زیاتر لە سێ گۆشەی تکریت بەردەوامە و لە ناوچەکانی دیکەش جموجۆڵیان ھەیە و داعش تەواو نەبووە، بەڵام ئەو ژوورانە ئەو شوێنانە دیاری دەکەن کە پێویستیان بە ئۆپراسیۆن ھەیە و جمووجۆڵی داعشیان لێیە، بۆیە بڕیار دراوە لە ھەرشوێنێک زانیاری لەبارەی داعشەوە بدرێت، ئۆپراسیۆن بەڕێوە بچێت، ھەربۆیە دەستبەکاربوونی چوار ژووری ھاوبەش کارێکی باش بوو و سوودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستانی ھەیە، لەبەر ئەوەی کاری ئەو ژوورانە کۆکردنەوەی زانیارییە لە ھەموو شوێنەکان و دەیدەنە فەرماندەییی ئۆپراسیۆن و دواتر ئۆپراسیۆن لەلایەن پێشمەرگە و سوپاوە بە ھاوکاری ھاوپەیمانان بەڕێوە دەچێت.''
لیوا عەبدولخالق تەلعەت ووتیشی: "ئەم مانگە زیاتر لە٢٠ ئۆپراسیۆن لە ناوچە جیا جیاکان بەڕێوە چووە، بەڵام ئەمە تەنھا لە شوێنێک نییە. لە ڕۆمادی و چۆڵایییەکانی ناسرییە و ناوچەکانی دیکەی وەکوو ڕەبیعەش هەیە و ئۆپراسیۆن بەردەوام دەبێت لە ھەرشوێنێک پێویستی پێی ھەبێت، چوونکە ھاوپەیمانان لە ھەموو شوێنێک ئۆپەراسیۆن بەڕێوە دەبەن، بەڵام ئێمە زیاتر تەرکیز دەخەینە سەر ئەو شوێنانەی پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، بۆیە بەردەوام چاودێری دەکەین و نامانەوێت لە ناوچە کوردستانییەکان داعش زۆر بێت و مەبەستمانە بنبڕیان بکەین و بێگومان کە ژووری ھاوبەش پێک هاتووە، کاریگەری خۆی ھەبووە.''
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە