لیوا تەڵعەت : ھەر ھێزێك بیەوێت ئارامی ھەرێم تێك بدات، پێویستە ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدا

پەیامی کورد     ...    لیوا تەڵعەت  :  ھەر ھێزێك بیەوێت ئارامی ھەرێم تێك بدات، پێویستە ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدا

ووتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش باس لەوە دەكات، لەم مانگەدا ٢٩ ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش ئەنجام داوە، كە رێگریی لە ئەنجامدانی ٣٦ كردەوەی تیرۆریستی كردووە، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆش لە ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق دەڵێ، بە ھۆی زیادبوونی جمووجۆڵی داعشەوە، ھاوپەیمانان ئۆپراسیۆنەكانیان زیاد كردووە، بۆیە ئەگەر حكوومەتی عێراق چارەسەری دۆخەكە نەكات، خراپتر دەبێت.

لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، ڕایدەگەێنێت : "بێگومان ئەو رێژە زۆرەی ئۆپراسیۆنی ھاوپەیمانان دژی داعش لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە داعش زۆر بووە و كردەوەكانیان و جمووجۆڵیان زیادی كردووە، ئەمەش وای كرد ھاوپەیمانان زیاتر گورزەكانیان لە داعش بوەشێنن، بە تایبەت لە ناوچەكانی تكریت و دیالە و ئەو ناوچانەی جمووجۆڵیان زۆرە، كە ھێرشی سەر ھێزی عێراقی و حەشدی شەعبی دەكەن، ئەو ئۆپراسیۆنانەش زیاتر بە ھاوبەشی لە نێوان ھێزە عێراقییەكان و ھاوپەیمانان ئەنجام دراون".

تەڵعەت ڕوونیشی كردەوە: "بە رای ئێمە، پێویستە ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان پێشمەرگە و ھێزی عێراقیدا ھەیە، پڕ بكرێتەوە و ئەگەر پڕ نەكرێتەوە، دەبێ ھێزی پێشمەرگە بەردەوام لە ئامادەباشیدا بێت، لە كاتێكدا ھەر حاڵەتێك ھەبێت بە تووندی ووڵامیان دەدەینەوە و ئینجا مەرج نییە ھێزەكانی داعش بن، ھەر ھێزێك بیەوێت ئارامی ھەرێم تێكبدات، پێویستە ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدا بێت بۆ رەتكردنەوەی ئەو ھێرشانە و رێگە بە داعش و گرووپە چەكدارەكان نەدات كە بیانەوێت ئارامی ھەرێم تێكبدەن و ووڵامیان بدەنەوە".

دەشڵێ، ئەو رێككەوتنانەی پێشتر لە نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر درووستكردنی ژووری ئۆپراسیۆنەكان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە كرابوون، تا ئێستا جێبەجێ نەكراون.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە