لیوا عەبدۆلخالق دواهەمین مووڵەتی دەرچوونی هێزەکانی پەکەکە لە شەنگال ئاشکرا دەکات

پەیامی کورد     ...   لیوا عەبدۆلخالق دواهەمین مووڵەتی دەرچوونی هێزەکانی پەکەکە لە شەنگال ئاشکرا دەکات

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ژووری ھاوبەشی ئۆپراسیۆنی عێراق ووتی، ژووری ھاوبەشی ئۆپه‌راسیۆنی عێراق تا کۆتایی ئەم مانگە دوایین مۆڵەتی داوە بە پەکەکە شەنگال چۆڵ بکات و رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام حەشدی شەعبی پشتگیری لە پەکەکە دەکات، ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی پەکەکە لە شنگال بمینێت، بەڵام حکوومەت سوورە لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ژووری ھاوبەشی ئۆپراسیۆنی عێراق ڕایگەیاند : "ژووری ھاوبەشی ئۆپه‌راسیۆنی عێراق بڕیاری داوە کە پێویستە تا کۆتایی ئەم مانگە پەکەکە شەنگال چۆڵ بکات و دەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی شنگالەوە بکرێت، چوونکە ماوەیەکی زۆرە رێککەوتن کراوە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە."

لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت گوتیشی: "چەندین ھێز لە شنگال ھەن و تا ئێستا ھیچیان لە شنگال دەرنەچوون و لەوێ ماون و ھۆکاری دەرنەچوونی پەکەکە و ھێزەکانی دیکەش ئەوەیە کە حەشدی شەعبی نایەوێت سوپای عێراق بە ئاسانی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و پشتگیری لە پەکەکە دەکات."

تەڵعەت باسی لەوەش کرد: "رەنگە ئەگەر ھێزە عێراقییەکان راستەوخۆ بێن بۆ شەنگال، شەڕ دروست بێت، بۆیە ئێستا ھەوڵ دەدرێت و مۆڵەت دراوە بە پەکەکە و ھێزەکانی دی تا کۆتاییی مانگ لە شنگال بکشێنەوە، بۆیە دواوادە بۆ دەرچوونی ئەو ھێزانە ١ی مانگى٤ى ئەمساڵە."

ووتیشی: "کێشە ئەوەیە کە پەکەکە بەشێکە لە حەشدی شەعبی و ئەگەر جلی خۆیشیان لەبەر نەکەن، جلی حەشدی شەعبی دەپۆشن، بۆیە ئەمە بووەتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی پەکەکە لە شنگال بمینێت، بەڵام حکوومەت سوورە لەسەر ئەوەی پەکەکە لە شنگال نەمینێت و ھێزە عێراقییەکان شوێنی ئەوان بگرنەوە و ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی شنگالەوە جێبەجێ بکرێت."


ئەم بابەتە 11999 جار خوێندراوەتەوە