لیوا عەبدۆلخالق : عێراق سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکا پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... لیوا عەبدۆلخالق : عێراق سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکا پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ووتی، ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمیننەوە و ناکشێنەوە و ئێمەش لەگەڵ مانەوەی ھێزی ئەمریکاین لە عێراق، چوونکە عێراق پێویستی بە ھێزی ئەمریکا ھەیە .
لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت ڕایگەیاند : ''ھێزەکانی ئەمریکا ئەوانەی شەڕکەرن، ھەموویان کشاونەتەوە و ھیچی لە عێراق نەماون، بەڵام ھێزەکانی دیکە وەکوو ڕاوێژکاری و ھاوکاریکردنی ھێزەکانی عێراق و پێشمەرگە کە نزیکەی ٢ ھەزار و٥٠٠ سەربازن لە عێراق ماون و نەکشاونەتەوە و بەردەوامیش دەبن، ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ھەرێم و ئەمریکایە، بۆیە ئەوەی دەوترێت کە دەکشێنەوە، ڕاست نییە، چوونکە دۆخی عێراق لەڕووی ئەمنییەوە ھێندە باش نییە کە ئەو ھێزانە نەمینێن، چونکە ھێزی ھاوپەیمانان بەگشتی ھاوکارن لەڕووی ئاسمانی و دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و مەشق و ڕاھێنان.''
لیوا عەبدۆلخاڵق تەڵعەت ووتیشی" ''ئێمە لەگەڵ مانەوەی ئەو ھێزانەین و ئەو کارەش بە ڕێککەوتن کراوە، چوونکە عێراق پێویستی بەو ھێزانە ھەیە بۆ ئەوەی ھاوکاری عێراق و ھەرێمی کوردستان بکەن لەڕووی سەربازییەوە''.
ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە