لیوا عەبدۆلخالق : ھێزی پێشمەرگە سەرپشک کراوە

پەیامی کورد      ...    لیوا عەبدۆلخالق : ھێزی پێشمەرگە سەرپشک کراوە

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ئاشکرای کرد، بە ھۆی کەشوھەوا و پشووی سەری ساڵ، گفتوگۆکان وەستاون، بەڵام ھەماھەنگی و ھاوکاری لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوامە و ھێزی پێشمەرگەش سەرپشک کراوە بە ھەماھەنگی ھەر شوێنێک مەترسی داعشی لەسەر بێت، بچێت و بیپارێزێت.

لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت، ڕایگەیاند : ھەماھەنگی و ھاوکارییەکی باش لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا درووست بووە و لە زۆر شوێن ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپا بەیەکەوەن، بەڵام ھێشتا ماوە و پێویستی بە کاتی زیاتر و گفتوگۆ و رێککەوتنی زیاتر ھەیە، لە کاتی ھاتنی شەپۆلی بارانبارین یش، شاندێکی دیکەی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانیان کرد، بۆ ئەوەی درێژە بە کاری ھاوبەش بدرێت، بەڵام بە ھۆی خراپیی کەش وھەواوە، نەتواندرا کارەکە ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ھێزی پێشمەرگە و سوپا بە ھاوبەشی کاری باشیان کردووە و ھەماھەنگییەکی زۆر باش ھەیە.

تەڵعەت باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا لە سنووری مەخموور و دیالە ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە و ھێزی پێشمەرگەش سەرپشک کراوە لە ھەر شوێنێک مەترسی ھەبێت، بە ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق بچێت پارێزگاری لێ بکات، بۆیە ئەمە وای کردووە جمووجۆڵی داعش کەم بێتەوە.

ڕوونیشی کردەوە، دوای پشووی سەری ساڵ، جارێکی دیکە دانووستانەکان دەست پێدەکەنەوە و مەسحێکی گشتی ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت، لە ھەر کوێ یەکیش پێویست بە ھێز بکات، ھێزی ھاوبەشی بۆ درووست دەکرێت و پارێزگاری لێ دەکەن، بۆیە گفتوگۆکان نەوەستاون و ھەماھەنگی و ھاوکاریش بەردەوام دەبێت.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە