" لیژنەیەک لە لایەن ھەولێر و بەغداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانی و جووتیاران درووست دەکەن"
پەیامی کورد ... " لیژنەیەک لە لایەن ھەولێر و بەغداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانی و جووتیاران درووست دەکەن"
هەردوو وەزارەتى بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆبوونەوە، دواتریش رایانگەیاند، کە بڕیاریانداوە بۆ چارەکردنی کێشە و گرفتی هەریەکە لە کێشەکانی بازرگانان و جووتیاران لیژنەکان درووست بکرێن.
لە پرێسکۆنفرانسێکدا کەمال موسلیم وەزیرى پیشەسازى و بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکەیاندا بڕیاریان داوە بۆ چارەسەرى گرفتى هەریەک لە کێشەکانى بازرگانان و جووتیاران و فۆڕمى خۆراک و چەندان گرفتى دیکە، لیژنەکان درووست بکرێن.
وەزیری بازرگانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەموو گرفتەکان وەک پارەى گەنمى جووتیاران و کێشەى بازرگانى و هاتوچووى بازرگانان، بەشێک بوون لە تەواوى هەوڵەکانیان، تا بە یەکجارى چارەسەر بکرێن.
ئەو لە بارەی پارەی گەنمی جوتیارانەوە روونی کردەوە، کە پارەی گەنمى ساڵی ٢٠٢٠ی جووتیارانى هەرێمی کوردستان هاتووە و بۆ ساڵەکانى پێشووتر، کە نەهاتووە، ئێستا میکانیزمى پێویست داڕێژراوە تا چارەسەر بکرێن.
دواتر عەلا جبوورى وەزیرى بازرگانی رایگەیاند، کە لە سەرەتاى مانگى داهاتوودا هەموو لیژنەکانى چارەسەرى گرفتەکان درووست دەکرێن و پلانێکى هاوبەشیان دڕێژراوە، تا هەموو کێشەکانى تێدا دیاری کراون، هەروەها بەیەکیشەوە قسە لەسەر هەموو ئەو گرفتانە دەکەن، بەتایبەتى چۆنیەتی ساغکردنەوەى گەنمى جووتیاران و تۆمارى کۆمپانیاکان و شێوازى مامەڵەى بازرگانى.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە