لیژنەی دارایی: كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران، ھەنگاوێكی گرینگە
پەیامی کورد ... لیژنەی دارایی: كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران، ھەنگاوێكی گرینگە
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا بۆ ھەر فەرمانبەرێك هەژمارێکی بانكی دەكاتەوە، ئەمەش گرینگی زۆری ھەیە، ھەم بۆ سیستەمی مووچەوەرگرتن و هەم بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی بانكی لە ھەرێمی كوردستان.
ئەرشەد لۆلانی، ڕایگەیاند : لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا، كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە و ئێستا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە لە جێبەجێكردنی یاساكە، ھەر فەرمانبەرێك هەژمارێکی بانكی تایبەتی بە خۆی دەبێت و حكوومەتیش بۆ ھەموو فەرمانبەران ئەو حیساب بانكییە دەكاتەوە.
لۆلالی ووتیشی، ئەمەش بۆ ئەوەیە ھەموو پارەكانی ھەر فەرمانبەرێك لەسەر ئەو هەژمارە بانكییە بێت و رێكخستنەوە بۆ مووچە بكرێت، كە ھەنگاوێكە بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی بانكی و سیستەمی مووچەوەرگرتن.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ھەر فەرمانبەرێك كە هەژماری بانكی خۆی ھەبوو، ئەوكات ئەو پاشەكەوتەی لای حكوومەتیش ھەیەتی، ئەویش دەخرێتە سەر ئەو هەژمارە بانكییە، بۆیە ئەمە ھەنگاوێكی زۆر باش و گرینگە كە حكوومەت لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی ئەنجامی دەدات.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ھەر فەرمانبەرێك كارتی خۆی دەبێت و دەتوانێت بەپێی ئەوە كاری پێ بكات لەو هەژمارە بانكیەی بۆی درووست دەكرێت.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە