لێدوانی جیاواز لە نێوان بەرپرسە باڵاکانی پێنتاگۆن و سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە مانەوەی سەربازانی ئەو ووڵاتە لە ئەفغانستان دەبێتە هۆی هۆشداری دان

پەیامی کورد      ...    لێدوانی جیاواز لە نێوان بەرپرسە باڵاکانی پێنتاگۆن و سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە مانەوەی سەربازانی ئەو ووڵاتە لە ئەفغانستان دەبێتە هۆی هۆشداری دان

پێچەوانەی لێدوانەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گەورە بەرپرسانی پێنتاگۆن رایانگەیاند، ئەوان پێشنیاریان کردوە بۆ کۆشکی سپی بۆ مانەوەی بەشێک لە سەربازانی ووڵاتەکە لە ئەفغانستان.
کینز مەککێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی لیژنەی کاروباری سەربازی ئەنجوومەنی پیران دا رایگەیاند، ئامۆژگاری جۆ بایدن ی کردوە کە ٢٥٠٠ سەرباز لە ئەفغانستان بهێڵێتەوە و هۆشداری داوە لە کشانەوەی تەواوی هێزەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشتریش لە پاییزی ٢٠٢٠دا ڕاسپاردەیەکی هاوشێوەی داوەتە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و پاشان ئامۆژگاری کۆشکی سپی کردوە کە لانیکەم ٤هەزار سەرباز لە ئەفغانستان بهێڵێتەوە.

هاوکات ژەنەڕال مارک میلی، سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە بەردەم لیژنەی کاروباری سەربازی ئەنجومەنی پیران دا رایگەیاند، لە پاییزی ٢٠٢٠ەوە هەوڵەکانی بۆ ئەوە بوە کە ٢٥٠٠ سەرباز لە ئەفغانستان بهێڵێتەوە لەگەڵ ئەگەری بەرزکردنەوەی ژمارەی سەربازەکان بۆ ٣٥٠٠ بەئامانجی هەنگاونان بەرەو چارەسەرێکی لە دانووستانەکان.

مارک میلی دانی بەوەدا نا کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا شەڕی ئەفغانستانی دۆڕاندوە و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ووڵاتە بە "سەرکەوتنێکی لۆجستیکی" بەڵام شکستێکی ستراتیژی وەسف کرد.

ئەمەش لەکاتێکدا کە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن و کۆشکی سپی چەندین جار جەختیان لەسەر ئەوە کردوەتە، کە سەرۆک بایدن ڕاسپاردەی هیچ سەرکردەیەکی سەربازی لەسەر هێشتنەوەی هێزی سەربازی سنووردار لە ئەفغانستان وەرنەگرتوە.

لە ووڵامی لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن دا، جەین پساکی، ووتەبێژی کۆشکی سپی لە تویتەرەکەیدا نووسیویەتی، بە جۆ بادین ی ووتووە، "کۆتایی هێنان بە شەڕی ئەفغانستان" لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە و ڕاسپاردەکان ناکۆکن، بەڵام کۆدەنگی لە نێوان گەورە ڕاوێژکاران بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە هەبوە.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە