لێکدانەوەکانی بانکی نێودەوڵەتی و پەرلەمانی ئێران باس لە داڕمانی ئابووری ئەو ووڵاتە دەکەن

پەیامی کورد     ...   لێکدانەوەکانی بانکی نێودەوڵەتی و پەرلەمانی ئێران باس لە داڕمانی ئابووری ئەو ووڵاتە دەکەن

ئاماری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و تەنانەت ئامارەکانی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لە ڕووخانی بنەمای ئابووری ئەو ڕێژیمە دەکات.

بەپێی ئاماری فەرمی بانکی نێونەتەوەیی و ئەو ئامارانەی ڕێکخراوەکانی ناوخۆی ئێران بڵاوی دەکەنەوە ئێران لە باری هەژاری و نەبوونی داهاتوو بژیوی ڕۆژانەی خەڵکی کۆمەڵگەکەیەوە خەریکە شان دەدات بە شانی کۆریای باکوورەوە وکە تێیدا بنەماڵەکان کەمترین داهاتی مانگانەیان هەیە و نەخۆشی و نەبوونی خواردنی سڵامەت بۆ منداڵان بووە بە کێشەی سەرەکی ئەو ووڵاتە.

سندووقی نێودەوڵەتی دراو لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چاپ کردنی پارە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سەتا ٣٠ زیادی کردووە کە بە مانای بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان و شت‌ومەکی خواردەمەنی و پێویستی بنەماڵەکانە و ئەگەری ئەوەش هەیە تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ئەم بەرزبوونەوەی نرخە درێژە بکێشێ.

لە حاڵێکدا کە سندووقی نێودەوڵەتی دراو ئاماری هەڵاوسانی لە ئێران ٣٠ لە سەت داناوە ناوەندی ئامار و توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران ئەم هەڵاوسانە بە ٥٠ لە سەت دادەنێت کە بە پێی ئەو ڕاپۆرتە دەوڵەت نیوەی داهاتی خۆی بە بانکی ناوەندی ئێران قەرزدارە و بانکی ناوەندی مەجبوور بووە بۆ کەمی بووجە پارەی زیادە بڵاو بکاتەوە کە بووە بە هۆکاری سەرەکی گرانی و دابەزینی نرخی دراوی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دا و ئەگەر بە هەمان شێوە درێژە بکێشێ لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا نرخی هەڵاوسان دەگاتە لە سەدا ٧٢ کە بە مانای لەنێوچوون و داڕمانی یەکجاری ئابووری ئێرانە.

نزیک بە ٣ مانگە کە دەوڵەتی ڕەئیسی هاتووەتە سەر کار و بارودۆخەکە نەتەنیا نەگۆڕاوە بەڵکوو بەرەو خراپتربوون ڕۆیشتووە و نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی ڕەئیسی هیچ بەرنامەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و نرخی شت‌ومەک ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە بۆ نموونە نرخی شانەیەک هێلکە لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوودا پاڵی داوەتە ٨٠ هەزار تمەن و نرخی یەک کیلۆ برنج گەیشتووە بە ٧٦ هەزارتمەن کە دووبەرانبەری ئەو یارانەیە کە دەوڵەت مانگانە بۆ کەسێکی تەرخان کردووە و خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە سبەینێ تەنانەت نانیش لە سەر سفرەی خەڵکدا نەمێنێ.


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە