لەسەر بانگەوازی نێچیرڤان بارزانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە کۆدەبنەوە

پەیامی کورد      ...     لەسەر بانگەوازی نێچیرڤان بارزانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە کۆدەبنەوە

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگەوازەکەی نێچیرڤان بارزانی کۆببنەوە، راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمیش دەڵێ، ئیرادەیەکی بەهێز لە پشت کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانە.

زیرەک کەمال، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، لە کاتی خۆیدایە، چوونکە پێویستە لایەنە سیاسییەکان لێک نزیکبوونەوەیان هەبێت و لە رابردووشدا ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە، کە لە کاتی یەکگرتووییدا دەستکەوتمان بەدەست هێناوە، بە پێچەوانەوە دوورکەوتنەوەی لایەنە سیاسییەکان، زیان بە هەموو لایەک دەگەیەنێت".

راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت و بڕیارە هەفتەیەکی دیکە کۆبوونەوەکە بەڕێوە بچێت.

کەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئیرادەیەکی بەهێز لە پشت کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان هەیە، ئەویش نێچیرڤان بارزانییە، ئومێدمان بەو ئیرادە بەهێزەی نێچیرڤان بارزانی هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان و، ئەگەر ئەو ئیرادەیە لای لایەنە سیاسییەکانیش هەبێت، بێگومان کۆبوونەوەکەی ئەمجارە بەرهەمدار دەبێت".


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە