لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی بەردی بناغەی ھۆڵی بۆنەکان لە بەردەڕەش دانرا
پەیامی کورد ... لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی بەردی بناغەی ھۆڵی بۆنەکان لە بەردەڕەش دانرا
پارێزگاری دھۆک، لە میانەی دانانی بەردی بناغەی ھۆڵی بۆنەکان لە بەردەڕەش رایگەیاند، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ١٦٠ پڕۆژە لە قەزای بەردەڕەش بە گوژمەی ١٩٣ ملیار دینار جێبەجێ کراون، ئەمڕۆش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە گوژمەی حەوت ملیار دینار، بەردی بناغەی ھۆڵی بۆنەکان دانرا.
دکتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، ئەمڕۆ بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی ھۆڵی بۆنەکان، کە لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی بوو، سەردانی قەزای بەردەڕەشی کرد و لە ووتەیەکدا ووتی: "ئەمە ٢٠ جارە سەردانی قەزای بەردەڕەش دەکەین بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئەمڕۆش بەردی بناغەی ھۆڵێکی بۆنەکان دادەنێین، کە لە کاتی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەردەڕەش، خەڵک داوای کردبوو و سەرۆک بارزانیش داوای لە حکوومەت کرد ئەو داواکارییە جێبەجێ بکرێت، بۆیە بە دڵنیایی یەوە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت".
پارێزگاری دهۆک ووتیشی: "پڕۆژەکان بەردەوام دەبن و لە چوار ساڵی رابردووش دا سەرەڕای ھەموو قەیرانەکان، توانیومانە ١٦٠ پڕۆژە لە قەزای بەردەڕەش جێبەجێ بکەین، کە ٦٦ پڕۆژە تەواو بوونە و پڕۆژەی گەورەن و ٧٧ پڕۆژەش کاریان تێدا دەکرێت، هەروەها ١٦ پڕۆژەش لە قۆناغی تەندەریندان، بۆیە ئەنجامدانی پڕۆژە نەوەستاوە و ئەمەش لەسەر داوای خەڵکی دەڤەرەکەیە".
عەلی تەتەر ڕوونیشی کردەوە: "ئەو پڕۆژانە بە گوژمەی ١٩٣ ملیار دینار بووە و پڕۆژەی زۆر باشی تێدایە، کە ١٩٤.٢ کم رێگا قیرتاو کراوە و پڕۆژەی ئاو و کارەبا و ١٨ قوتابخانە لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا لە بەردەڕەش زیادیان کردووە و نەخۆشخانە کاری باشی بۆ کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت، هەروەها سایلۆی Roڤیا ئەویش تەواو بووە".
تەتەر دەشڵێت: "بەردەڕەش بووەتە ناوچەیەکی گرینگ لە بواری کشتوکاڵ و چەندین کارگە درووست کراون لە بواری پیشەسازی لە قەزای بەردەڕەش و بڕیارە سەردانی دوو کارگەی گەورە بکەین، کە دەرفەتی کاریان بۆ ٨١٠ کەس رەخساندووە، بۆیە پڕۆژە بەردەوام دەبن سەرەڕای ئەوەی قەیرانی بەردەواممان بۆ درووست دەکرێت، ئەمەش بۆ سەرکەوتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە".
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە