لەم کاتەدا پارێزگاری نوێی هەولێر دیاری دەکرێت
پەیامی کورد ... لەم کاتەدا پارێزگاری نوێی هەولێر دیاری دەکرێت
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند : پاش كۆچی دوایی پارێزگاری ھەولێر، ھەفتەی داھاتوو چلەی تەواو دەبێت و دەست بە رێكارەكانی دیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ دەكرێت، كە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند : "ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی ھەرێم و پارتیش، بڕیار لەسەر كاندیدكردنی كەسێك بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر دەدەن، چوونكە ئەو پۆستە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ھەر كاتێك گەیشتە دەستمان، ئێمەش رێكارەكان دەگرینە بەر بۆ دیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ ھەولێر و ھەر كاندیدێكیش لیستی پارتی پشتگیری نەكات، دەرناچێت، بۆیە چاوەڕێی كاندیدی ئەوان دەكەین".
ناوبراو گوتیشی: "لە ئێستادا بۆشایی ئیداریمان نییە و جێگری پارێزگار (ھێمن قادر) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوە دەبات و ھەموو دەسەڵاتێكی ھەیە و ھیچ گرفتێكی ئیداری و یاساییمان نییە".
دەشڵێ: "ھەولێر پایتەختە و بە ھۆی چلەی خوالێخۆشبوو دكتۆر (فرسەت سۆفی) دیاریكردنی پارێزگاری نوێ دواكەوتووە و دوای تەواوبوونی چلە، كە ھەفتەی داھاتووە، دەست بە گرتنەبەری رێكارەكان دەكرێت بۆ دیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ".
ئەم بابەتە 11998 جار خوێندراوەتەوە