لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق دا هەماهەنگی ئەنجام دەدرێت

پەیامی کورد     ...   لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق دا هەماهەنگی ئەنجام دەدرێت

بۆ رووبەڕووبوونەوەی جمووجۆڵەکانی داعش هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، بەتایبەتیش لەناوچە کوردستانییەکان.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان و بە ئامادەبوونی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و جەمال ئێمینکی سوپاسالاری پێشمەرگە، موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەزگا هەواڵگری و هێزە ئەمنییەکانی راسپارد، بۆ ئەوەی تەواوی هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش بخەنەگەڕ.

موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی لە هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەتی لەناوچە کوردستانییەکان کردەوە.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەو هەڕەشە جیددی یانەی تیرۆرستانی داعش کە لە ماوەی رابردوودا ، بەهۆی بۆشایی ئەمنی و سەربازییەوە درووستیان کردبوو، کە بووە هۆی شەهید بوونی چەند پێشمەرگەی  لیوای ١٠ی وەزارەتی پێشمەرگە و سەربازانی وەزارەتی بەرگری لە حکوومەتی فیدراڵ، بۆیە بڕیاردرا بە زیاتر چالاککردنی هەماهەنگی و کارە هاوبەشەکانی لیژنە هاوبەش و تیمە هاوبەشەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنتەرە هاوبەشەکانی نێوانمان و پڕکردنەوە بۆشاییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان، تا رێگربین لە دووبارە بوونەوەی کاری لەوجۆرە و زیاتر پتەوکردنی پشتێنە ئەمنییەکان و زیاد کردنی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانمان".

جەبار یاوەر، راشیگەیاندووە، موستەفا کازمی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد و هەر یەک لە وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و دارایی لە حکوومەتی فیدراڵی بەشدابوون.

ئەمە لەکاتێکدایە لەم ماوەیەدا جمووجۆڵی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق و ناوچە کوردستانییەکان زیادیکردووە، شارەزایانی سەربازیش هۆکاری سەرەکی بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی دەگەڕێننەوە.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە