لە بەردەوامی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارێکی گرینگ بۆ پێشمەرگەی خانەنشین جێبەجێ دەکرێت
پەیامی کورد ... لە بەردەوامی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارێکی گرینگ بۆ پێشمەرگەی خانەنشین جێبەجێ دەکرێت
لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازیدا پێداچوونەوە بە خانەنشینی پێشمەرگەدا بەردەوامە و سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەش دەڵێت، یەک بەڕێوبەرایەتی بۆ خانەنشینی پێشمەرگە دەکرێتەوە.
ڕێڤینگ هرووری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "یەکێک لەو کەرتانەی چاکسازی سەربازی دەگرێتەوە، خانەنشینی پێشمەرگەیه، بێگومان چاکسازی هەنگاوی باشی بڕیوە لە کەرتی سەربازی و چەندین مووچەی پلە بالای سەربازی بەهۆی هەبوونی کێشە، یان نایاسایی بوونەوە ڕاگیراون، هەرکەسێک بەپێی یاسا خانەنشین نەکرابێت ئەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و لە لیستی خانەنشینی پێشمەرگە لادەبرێت.''
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە دەڵێت: "پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی دەگاتە قۆناغی کۆتایی و ئێمەش چاودێری چاکسازییەکەی پێشمەرگە دەکەین.''
ڕێڤینگ هرووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا ژمارەیەک بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە هەن، بڕیارە هەموویان لە چوارچێوەی یەک بەڕێوەبەرایەتیی یەکگرتوودا یەک بخرێن و تەنیا یەک بەڕێوبەرایەتی دەبێت بۆ خانەنشینی پێشمەرگە.''
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە