لە بەردەڕەش بە گوژمەی نزیکەی ١٩ ملیار دینار پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان

پەیامی کورد     ...    لە بەردەڕەش بە گوژمەی نزیکەی ١٩ ملیار دینار پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان

بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی بەردەڕەش ووتی، لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە گوژمەی نزیکەی ١٩ ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگا و نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن لە بواری جێبەجێکردندان کە سوودێکی زۆری بۆ خەڵکی قەزای بەردەڕەش و دەورووبەری دەبێت.

بۆتان بۆتانی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی بەردەڕەش، ڕایگەیاند : ''ڕێگای قەرەناز بۆ کەورەسۆر کە ٤٦ کم دەبێت بە سێ قۆناغ تەواو دەکرێت و قۆناغی یەکەمی تەواو بووە و ئێستا قۆناغی دووەم کاری تێدا دەکرێت و تا بیۆک ڕۆیشتوون و تا ئەوێش قێرتاو کراوە و ٢٨ گوند لەو ڕێگایە سوودمەند دەبن کە لە قەرەناز تا کەورەسۆر دەست پێ دەکات و ڕۆژانە ٢٤ کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت و ٣٥٠ کارمەندیش کاری تێدا دەکەن، ئەو گوژمەی بۆیشی تەرخان کراوە ١٤ ملیار دینارە.''

بۆتان بۆتانی ووتیشی: ''جگە لەوە، نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنیش لە جێبەجێکردندایە بە گوژمەی ملیارێک و ٤٥٠ ملیۆن دینار و ئێستا ٢٤%ی تەواو بووە و بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت و بڕیارە لە ماوەی ١٠ مانگدا ئەو نەخۆشخانەیە تەواو بێت، چوونکە بەردەڕەش تا ئێستا نەخۆشخانەی نییە و ئەو نەخۆشخانەیە بۆ بەردەڕەش زۆر پێویستە.''


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە