لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکان بڕیارێک دەردەکرێت

پەیامی کورد    ...   لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکان بڕیارێک دەردەکرێت

بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : بڕیاری پێدانی دۆلار بە نرخێکی هەرزان و بەنرخی بانکی ناوەندی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی کەلوپەل ھاوردە بکەن، ئێستا کۆمپانیاکان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن و کەلوپەل ھاوردە بکەن و دۆلاریان بەنرخی هەرزان پێدەدرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : بڕیاردراوە دۆلار بە نرخی هەرزان و بە نرخی بانکی ناوەندی بدرێتە کۆمپانیاکان و پێویستە کۆمپانیاکان لە بەرنامەی سیوفت خۆیان تۆمار بکەن ئەوکات دەتوانن کاڵا ھاوردە بکەن و جۆرەکەی دیار بێت و بە چ نرخێکیش ھاوردەی دەکەن بەپێی ئەو بڕە پارەیە دۆلاریان پێدەدرێت، بەڵام بەو مەرجەی کۆمپانیاکان تۆمارکراوبن.
لەبارەی کاریگەری ئەو بڕیارە بەسەر بازاڕەوە، نەوزاد شێخ کامیل ووتی: ئەو بڕیارە ئێستا لەسەرەتای جێبەجێکردن دایە و ھێشتا کۆمپانیاکان ھەموویان خۆیان تۆمار نەکردووە، ھەر کاتێک ھەمووان خۆیان تۆمار کرد ئەو کات کاریگەرییە ئەرێنییەکانی دیار دەبێت، چوونکە زۆر کۆمپانیا ھەنە کە نزیکەی ٣٠ھەزار کۆمپانیا لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، ئەوانەش کۆمپانیای جیاجیان و تەنیا لە بواری خۆراک نین، لە بواری بیناسازی و بوارەکانی دیکەشن هاوکات کۆمپانیای بیانیش ھەنە.
شێخ کامیل باسی لەوەش کرد: لە ماوەی ئەم سێ مانگە زۆر مامەڵەی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاترە.


ئەم بابەتە 11408 جار خوێندراوەتەوە