لە زاخۆ تا فاو نرخی کارتی مۆبایل کەم دەکرێتەوە
پەیامی کورد ... لە زاخۆ تا فاو نرخی کارتی مۆبایل کەم دەکرێتەوە
جێگری سەرۆکی لیژنەی گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، گەیشتوونە ئەنجامێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل و دەشڵێت، لە زاخۆ تا فاو نرخی کارتی مۆبایل کەم دەکرێتەوە.
ئیبراھیم میرانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی گەیاندن، ڕایگەیاند: "بڕیاری زیادکردنی نرخی کارتی مۆبایل لە کاتی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی دەرکرا، ئەوەیش بارگرانی لەسەر ھاووڵاتییانی عێراق دروست کردووە، لەبەر ئەوە ئێمە وەک لیژنەی گەیاندن دوو جار لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوەمان کردووە، تا ئالیەتێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ئەو نرخە زیادەی خراوەتە سەر کارتی مۆبایل لابەرین.''
جێگری سەرۆکی لیژنەی گەیاندن دەشڵێت: "لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن و دەستەی باڵای گەیاندنی عێراق و وەزارەت کۆبوونەوەمان کردووە و بڕیار دراوە بە ھەموو لایەک ھاوکار بن بۆ ئەوەی نرخی کارتی مۆبایل کەم بکرێتەوە، ئەویش بە شێوەیەک ھەریەک لەو سێ دەزگایەی سەرەوە بەشێکی لا دەبەن بۆ کەمکردنەوەی نرخەکە.''
ئیبراھی میرانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل ھەموو عێراق دەگرێتەوە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، چوونکە کۆمپانیاکانی گەیاندن ناوەندین و سەر بە دەستەی باڵای گەیاندنی عێراقن و مووڵەت لەوێ وەردەگرن و باج بە عێراق دەدەن، لەبەر ئەوەیش چەند ھاوکارییان بکرێت لە بەغداوە کاریگەری لەسەر ھەموو عێراق دەبێت.''
ئەم بابەتە 11997 جار خوێندراوەتەوە