لە سەر داوای مالیکی سەركردەی ژمارەیەك لە هێز و لایەنە شیعەکانی عێراق، جگە لە ڕەوتی سەدر، لە بەغداد کۆ دەبنەوە

پەیامی کورد     ...    لە سەر داوای مالیکی سەركردەی ژمارەیەك لە هێز و لایەنە شیعەکانی عێراق، جگە لە ڕەوتی سەدر، لە بەغداد کۆ دەبنەوە

بە پێی زانیارییەکان كۆبوونەوەكە سەرانی “چوارچێوەی هەمانگی هێزە سیاسییە شیعییەكان” دەگرێتەوە، كە پێشتر خودی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق دایمەزراندووە و خۆشی سەرۆكایەتی دەكات.
ئامانجی كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئەم مانگەیە، كە تێیدا گرووپەكانی هاوپەیمان و نزیك لە ئێران پاشەكشەی بەرچاویان كرد.
هەروەها دوای ئەو هەوڵە دێت كە درەنگانی دوێنێ لەلایەن خۆپیشاندەرانی لایەنگری ئەو هێزانەوە لە بەردەم ناوچەی سەوزی بەغداد، بۆ هەڵكوتانەسەر ناوچەكە ئەنجامدرا، لەكاتێكدا ماوەی چەندین ڕۆژە خۆپیشاندانیان لە دەروازەكانی دەستپێكردووە.
ئەو هێز و لایەنانە، كە لەنێویاندا باڵی سیاسی گرووپە چەكدارەكان و دیارترینیشیان " حیزبۆڵڵا " هەیە، داوای سەرلەنوێ جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردن لە سەرجەم شارەكان دەكەن، لەكاتێكدا كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن سەرگەرمی یەكلاكردنەوەی تانەكان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتاییە بەمەبەستی ڕەوانەكردنی بۆ ئەنجوومەنی دادوەری بەمەبەستی پەسەندكردنی.
مالكی لە ڕاگەێندراوێكدا ئاشكرایكرد، كۆبوونەوەكە بە ئامانجی “چارەسەری گرفتی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانە” و تێیدا تاوتوێی بیرۆكە و شێوازی چارەسەر و چۆنیەتی كۆتایی پێهێنان و ڕێگرییە لە كاردانەوەكانی، لەگەڵ پێدانی ماف بە زەرەرمەندبووان بەپێی دەستوور و یاسا.
هەروەها ئەمە لە حاڵێکدایە کە مۆقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر لە ڕاگەێندراوێكدا داوای لە ووڵاتانی دراوسێ كرد دەستوەردان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و پرۆسەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانی و گەورەترین و كوتلە و حكوومەت نەكەن، لە ئاماژەیەكی ڕووندا بۆ جووڵەی ئێران بۆ پێكهێنانی كوتلەیەك بە بەشداری هەردوو هاوپەیمانی (دەوڵەتی یاسا) و (فەتح) بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی و هادی عامری، سەرەڕای لیستە بچووكەكانی دیكە، كە لە ئێستادا گەیشتوونەتە نزیكەی ٩٠ كورسی پەرلەمان.
سەدر دۆخی ئێستای بە “ململانێی دیموكراسی عێراقییەكان” ناوبرد و داوای لە ووڵاتانی دراوسێ كرد دەستوەردان نەدەن.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە