لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لانیکەم ١٠٧ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون

پەیامی کورد   ...   لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لانیکەم ١٠٧ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی هێرانا لە سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە دوایین ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران نووسیویەتی لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لانیکەم ١٠٧ حاڵەتی لەسێدارەدان لە زیندانەکانی ئێران ئەنجام دراوە. لە نێو ئەو لەسێدارەدانانەدا، لانیکەم ١٨ زیندانی تەنیا لە ١٢ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی زایینی بە تۆمەتی "کوشتن" و "ماددە هۆشبەرەکان" لە سێدارە دراون.

هێرانا لەو ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا ٩٢ حاڵەتی لەسێدارەدانی بە فەرمی تۆمار کردووە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانباردا لانیکەم سزای لەسێدارەدانی بە سەر ١٠ زیندانیدا سەپاندووە، و سزای لەسێدارەدانی لانیکەم چوار کەسی دیکەی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٩٣٠ زیندانی لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٢٤٪ زیادی کردووە.


ئەم بابەتە 86 جار خوێندراوەتەوە