لە پیلانێکی داڕێژراودا ڕژیمی ئێران ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان لەنێو دەبات
ئێران جیا لەوەی کە ئاسەواری مێژووییەکان بە تاراج دەبات، بەردەوام لە هەوڵی لەنێوبردنی ئاسەوارە بەجێ ماوەکانی مێژووی کەوناری کوردستانە.
کۆماری ئیسلامی ئێران جیا لەوەی کە هیچ بایەخ و گرنگییەک بە ئاسەواری مێژوویی هەرێمە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە نادات و بەپێچەوانەشەوە بەردەوام لە هەوڵی دزین و لەنێوبردنی ئاسەوارە مێژوویییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
ڕاپۆرتی هەوالدەرییە خۆجێیەکان، لە ماوەی ڕابردوودا تیمێکی لێکۆڵەری ئاسەوارە مێژوویییەکان لە زانکۆی “بوعەلی سینا”ی شاری هەمەدان بەردێکی مێژوویی “ئاسیاو”یان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٧٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا مۆرەکانی ڕێژیم بە مەبەستی لەنێوبردنی ئەم ئاسەوارە مێژووییە، بەردەکەیان شکاندووە و هەوڵی تێکدانیان داوە.
لە کاتێکدا ئەم ئاسەوارە مێژووییە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسەوارە مێژووییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە و دەبوایە بکەرانی ئەو تاوانە سزا بدرێن، بەڵام بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم هیچ بایەخێکیان بەم کردارە نەشیاوە نەداوە و هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ ئەو تاوانبارانە نەکردووە.
شایانی باسە کە مێژووی شاری هەمەدان و ئاسەوارە مێژوویییەکانی دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریی مادەکان کە لەو سەردەمەدا ناوی “هێگمەتانە” و پێتەختی مادەکان بووە، هەنووکەش بە بەشیکی گرینگ لە مێژووی کوردستان ئەژمار دەکرێت.
شایانی باسە کە ڕیژیمی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە تاکوو ئێستا، جیا لە بەڕێوەبردنی پلان و بەرنامەی جۆراوجۆر بە مەبەستی تواندنەوەی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، بەردەوام هەوڵیشی داوە ئاسەوارە مێژوویییەکانی هەرێمە جیاوازەکان و بەتایبەت کوردستان کە مێژوویەکی دێرین و کۆنی هەیە، بە تاراج ببات و ئەو ئەسەوارانەش کە نەیتوانیوە بە تاراجیان ببات، هەوڵی لەنێوبردنیانی داوە.
ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە