لە پێش ئەم پڕۆسەیە ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی دەبێتەوە
پەیامی کورد ... لە پێش ئەم پڕۆسەیە ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی دەبێتەوە
یەکەم هەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێ کردووە و سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، بڕیارە پێش پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان ڕایگەیاند: "گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە و پێکهێنانی ژووری هەماهەنگی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی باشە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئاڵۆزی ئەو ناوچانە، چونکە ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان تا دێت بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت و هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردووی چەکدارانی داعشیش باشترین بەڵگەن بۆ ئاڵۆزی و مەترسیی سەر ئەو ناوچانە.
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان دەشڵێت: "حەفتەی دابێت وەزیری پێشمەرگە بەشداریی کۆبوونەوەی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی پەرلەمان دەکات و لە ڕێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە داوای بانگهێشتی وەزیری پێشمەرگەمان کردووە، تا بزانین بۆچی ڕەوشی ئەو ناوچانە تا ئێستا ئاسایی ناکرێتەوە و ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان بۆچی جێبەجێ نەکراون."
ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیارە پێش پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە چەند هەنگاوێک ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە، گەڕانەوەی پێشمەرگەش هەوڵێکی زۆر ئەرێنییە، لەبەر ئەوەی دڵنیایی دەدرێتە خەڵکی ئەو ناوچانە و کاریگەریی خۆی دەبێت، بەڵام ئاساییکردنەوەی یەکجاری پێویستی بە هەنگاوی دیکەیە، لەوانە گۆڕینی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، کە هیوادارین پێش هەڵبژاردنەکان هەنگاوەکان خێراتر بکرێن و خەڵکی بتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن."
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە