لە پەیامێکدا مەلا بەختیار ڕەخنەی تووند لە دەسەڵاتی یەکیتی دەگرێت

پەیامی کورد    ...    لە پەیامێکدا مەلا بەختیار ڕەخنەی تووند لە دەسەڵاتی یەکیتی دەگرێت 

مەلا بەختیار ئاماژە بەوە دەکات کە لە دەربەندی گۆمەسپان_ کۆیەوە، هەتا گەرمیان ڕێگاكان یەك ساید و پڕ لە چاڵ و پێچی مەرگن، لەكاتێكدا ژمارەی گومرگەکانی سلێمانی لە هەولێر_ دهۆك زیاترن. نەوت و گاز لە ئیدارەی جارانی سلێمانیدا بایی هەموو پرۆژەکانی تیادایە.

لە نووسینێكدا كە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نووسیویەتی: دوێنێ، پێنج یاریکەری بالە لەنێوان هەولێر ـ کۆیە بە ڕووداوی سەیارە، بوونە قوربانی و پەژارەیەکی قووڵیان خستە ناو وەرزشکاران و کوردستان، هاوبەشی خەمی هاوڕێ و کەس و کاریانم. بەهیواشم حکوومەت لەم رووداوانە پەند وەربگرێ و هەندێك رێگاو بان، بە ڕێگای مەرگ ناسراوون، بیانکاتە دووساید.

دەشڵێت: کوردستان، وەکوو دوو دەڤەری جیاوازیان لێهاتووە، لە هەولێرەوە هەتا دهۆك رێگاکان چاك و دوو سایدن، لە دەربەندی گۆمەسپان ـ کۆیەوە، هەتا گەرمیان، سەدان ((کم)) یەك ساید و پڕ لە چاڵ و پێچی مەرگن.

ڕەخنەی تووند لە ئیدارەی سلێمانی دەگرێت و دەڵێت: ژمارەی گومرگەکانی سلێمانی لە هەولێر ـ دهۆك زیاترن. نەوت و گاز لە ئیدارەی جارانی سلێمانیدا بایی هەموو پرۆژەکانی تیادایە، بازرگانی فراوان لەم دەڤەرەدا هەیە، کەچی پرۆژەکان زۆربەیان ڕاگیراون و مووچە دابین ناکرێ و خانەنشینی داماویش.. لە برسان و لە ژێر پاڵە پەستۆدا رۆژانە گیانیان دەبەخشنە بێباکی ئیدارەی سلێمانی. ئەم پێنج وەرزشکارەی بالەش قوربانی سیاسەتی نەبوونی ستراتیژی ژێرخانی ڕێگاوبانن.


ئەم بابەتە 11998 جار خوێندراوەتەوە