لە ژێر چاودێری مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دەرهێنانی ٨ فیدەری ١١ كەی ڤی لە وێستگەی كەسنەزان كەوتەكار
پەیامی کورد ... لە ژێر چاودێری مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دەرهێنانی ٨ فیدەری ١١ كەی ڤی لە وێستگەی كەسنەزان كەوتەكار
لەژێر چاودێری (مەسروور بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ رێكەوتی ٢١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٠ لە ناحیەی كەسنەزان لەهەولێر مەراسیمی تەواوبوونی دەرهێنانی ٨ فیدەری ١١ كەی ڤی لە وێستگەی ١٣٢ كەی ڤی كەسنەزان بەگوژمەی ١ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن و ١٤٨ هەزار دینار بەڕێوەچوو.
لەو مەراسیمەدا كە بە ئامادەبوونی ئەندازیار كەمال موحەمەد ساڵح وەزیری كارەبا و هێمن قادر پارێزگاری هەولێر/ بەوەكالەت بەڕێوەچوو، بەسەركەوتوویی و پێش وادەی خۆی پرۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای دڵسۆز و تیمەكانی وەزارەتی كارەباوە تەواوبوو.
لە دەستپێكی مەراسیمەكەدا وەزیری كارەبا باسی لەرۆڵی دكتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری پێشووی هەولێر كرد لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا، هەروەها پیرۆزبایی لەتەواوی هاووڵاتیانی سنووری كەسنەزان و بنەسڵاوە كرد كە لەگەڵ ئیشپێكردنی فیدەرەكان زۆربەی گرفتەكانی بارزۆری و كەمی ڤۆڵتیە چارەسەر دەبێت.
دواتر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزیری كارەبا جەختی لەسەر گرنگی پرۆژەكانی دابەشكردنی كارەبا كرد كە لەئێستادا لە پارێزگاو ناوچە جیاجیاكانی كوردستان چەندین پرۆژە لەجێبەجێكردندایە و بە تەواو بوونی ئەم پرۆژانەش بەشێكی زۆری گرفتی بارۆری چارەسەر دەبێت لەوەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەوانەكاندا كە لە ئێستادا چەند كاتژمێر كارەبا هەیە وەزیری كارەبا ووتی وەزارەتی كارەبا توانای بەرهەمهێنانی ٦٧٠٠ مێگاوات كارەبای هەیە و لەو بڕە ٣٤٠٠ مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و گرفتی داراییەوە، بۆیە لە ئێستادا تەنیا ١٢ بۆ ١٤ كاتژمێر كارەبا دەدرێت بەهاووڵاتیان .
هەر لەو مەراسیمەدا هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت سوپاسی وەزارەتی كارەبای كردوو بەڵێنی دا وەكوو پارێزگای هەولێر/ بەوەكالەت لە پاڵپشتی وەزارەتی كارەبا بەردەوام بن.
لەكۆتایی مەراسیمەكەدا هەر ٨ فیدەری كارەبا بەگەڕخرا.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە