مانگی شەش قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ تەواو دەبێت

پەیامی کورد   ...   مانگی شەش قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ تەواو دەبێت

بەڕێوبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ووتی، "قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ لە قۆناغی کۆتایی یە و لە مانگی شەشی ئەمساڵ دەکرێتەوە کە بووەتە ھۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەشتیار لە ٢٠٠ ھەزار بۆ یەک ملیۆن، چوونکە بە ڕێژەی ٨٠% گۆڕانکاری لەسەر گەشتیاری زاخۆ دروست کردووە."

چیا ئەمین، بەڕێوبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ڕایگەیاند، "دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی کۆڕنیشی زاخۆ کە لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت خابیری زاخۆ ھەمووی ببێتە کۆڕنیش، ئێستا قۆناغی دووەم لە بواری جێبەجێکردن دایە، نزیکەی ٧٠%ی تەواوبووە و گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی شەشی ئەمساڵ تەواو بێت، چوونکە ژێرخانەکەی تەواوکراوە و تەنیا بڕگەی سەوزایی و ڕووناکی و ھاتووچۆ ماوە، ئەویش لە ماوەیەکی نزیک تەواو دەبێت."

چیا ئەمین ووتیشی، "قۆناغی دووەم تەواوکەری قۆناغی یەکەمە، لەم قۆناغە یاری منداڵان، شوێنی وەرزشکردن، خواردنگە، کافێ و شوێنی ھاتووچۆ کە ٣.٥کم دەبێت ھەیە، قۆناغی یەکەم بە ھەردوولا ٢کم دەبێت، ئەم دوو قۆناغە لەسەر بوودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درووست کراوە، قۆناغی سێیەم و بەردەوامبوونی دەدرێتە کەرتی تایبەت، ئەو خەڵکەی موڵکی لەوێ ھەیە بەرنامەی ئێمە جێبەجێ دەکەن و خواردنگە و کافێ لەوێ درووست دەکەن، بۆیە ئەو گۆڕانکارییەی کۆڕنیشی زاخۆ درووستی کردووە دەگاتە ڕێژەی ٨٠%."

ھاوکات دەشڵێت، "پێش ئەوەی زاخۆ ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ و کۆڕنیش درووست بکرێت، ساڵانە ژمارەی گەشتیار نەدەگەیشتە ٢٠٠ ھەزار کەس، ئێستا دوای بە ئیدارەبوونی سەربەخۆی زاخۆ و درووستکردنی کۆڕنیش، لە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٥٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتنە زاخۆ، لە ٢٠٢٤یش گەیشتە یەک ملیۆن گەشتیار، ئەمساڵ چاوەڕێ دەکرێت لە یەک ملیۆن گەشتیار تێپەڕێت، بۆیە ڕێژەی گەشتیار بەردەوام لە زیادبوون دایە، ھۆکاری سەرەکیش کۆڕنیشە، چوونکە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە."


ئەم بابەتە 24 جار خوێندراوەتەوە