مه‌سروور بارزانی و مایکل رێنتەنار هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق تاووتوێ ده‌كه‌ن

پەیامی کورد    ...   مه‌سروور بارزانی و مایکل رێنتەنار هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق تاووتوێ ده‌كه‌ن

ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی شوباتی ٢٠٢٢ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مایکل ڕێنتەنار، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە هانس ئاکربووم کونسوولی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر ئامادەی بوو، بارودۆخی گشتی و پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا تاووتوێ کرا.

باڵیۆزی هۆڵەندا، بە پێزانینەوە ئاماژەی بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ئامادەیی ووڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان دا دەربڕی.

سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی پشتگیری و هاوکارییەکانی هۆڵەندای کرد بەتایبەتی لە پشتیوانیکردنی کەرتی گشتی و تایبەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی گرینگی ئابووری و پیشەسازی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی کێشەی کۆچبەران لە ئەورووپا کرا و ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، بە ئەرێنی و کاریگەر نرخێندرا.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە