مه‌سروور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجام دا

پەیامی  کورد   ...   مه‌سروور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجام دا

ھەینی ١١-٤-٢٠٢٥، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و وێڕای تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختیشیان لە بەھێزکردنی پەیوەندی دوولایەنە کردەوە.

لە پەیوەندییەکەدا، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرینگی بەھێزکردن و پتەوکردنی دۆستایەتی و ھاوپەیمانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا، سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ھاوڕابوون لەسەر پێویستی و گرینگی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکی.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سوپاس و پێزانینی ووڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ڕۆڵێکی گرینگیشی لە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەدا ھەیە.

ھەروەھا ھەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەیوەندی و هەماھەنگی بەردەوام دا بن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی ھاوبەش.


ئەم بابەتە 37 جار خوێندراوەتەوە