موستەفا کازمی بە هۆی هەولێرەوە شانسی زیاد دەبێت

پەیامی کورد     ...    موستەفا کازمی بە هۆی هەولێرەوە شانسی زیاد دەبێت

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەی لەڕاپۆرتێکدا بڵاویكردۆته‌وه‌، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر شاری هەولێر گۆڕانکاری بەسەر هاوکێشەکانی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا هێناوەو جارێکی تر شانسی موستەفا کازمی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی بەرزکردۆتەوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێدەچێت مووشەکەکانی ئێران بۆسەر هەولێر کازمیان لەدۆخێکی شپرزەیی رزگار کردبێت‌ و دەرگای ژووری کۆبوونەوەکانیان لەنێوان "ڕەوتی سەدر"و "چوارچێوەی هەماهەنگی" کردبێتەوە.
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراو، خەریکە بەشێک لە گرێکوێرەکان لەنێوان لایەنە سیاسییە شیعییەکاندا دەکرێنەوە، بەتایبەت لەپرسی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانیی لەلایەن پێکهاتەی شیعییەوە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارانە دەڵێن، ئەو کۆبوونەوانە هێشتا ناسنامەی سەرۆک وەزیرانی داهاتوویان یەکلایی نەکردۆتەوە، بەڵام هەموولایەک باس لە دوو ڕێگەچارەی سەرەکی دەکەن: یەکەمیان هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران لەڕێگای گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانییەوە، مەزەندە دەکرێت بژاردەی دووەمیش هەڵبژاردنی کەسێک بێت لەدەرەوەی لایەنە سیاسییەکانی ناو هاوپەیمانێتییە شیعییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا سەرچاوەکان دەڵێن، موستەفا کازمی بەرچاوترین کاندیدە.
لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، پێشکەوتن لەدانوستانەکاندا هاتۆوتەدی، بەشێوەیەک گەرەنتی سەرەتایی دراوە بەلایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەوەی لەحکوومەتی داهاتوودا چەند پۆستێک وەزارییان پێدەدرێت، بەڵام هێشتا ناکۆکییەکان لەسەر پێدانی چەک بەمیلیشیاکانی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی بەردەوامن، سەرچاوەیەکی ئاگاداریش باسی لەوەکردووە، ناکۆکییەکان لەسەر کات‌و ساتی ڕادەستکردنی چەکەکانە بەو هێزانە.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە