موستەفا کازمی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات و پێشنیارێک بۆ بەرەوپێشخستنی ووڵاتەکەی دەخاتە ڕوو
پەیامی کورد ... موستەفا کازمی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات و پێشنیارێک بۆ بەرەوپێشخستنی ووڵاتەکەی دەخاتە ڕوو
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەپێویستی دەزانن دیپلۆماسییەت بکرێت بەرێگەچارەی چارەسەری کێشەکان چوونکە دیپلۆماسییەت و گفتوگۆ دوو بنەمای هێزن بۆ پاراستنی خەڵک و دوورخستنەوەیان لە جەنگ، جەختیش دەکاتەوە چەندین رێککەوتنی هاوبەشیان لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ، ئێران، تورکیا و ووڵاتانی عەرەبی هەیە سەرەڕای ئەوەی جیاوازی یان هەیە لە تێڕوانین بۆ چارەسەری کێشەکان.
موستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی کرد و رایگەیاند، سوپاسی ستافی وەزارەتی دەرەوە دەکەن کە رۆڵێکی گرینگیان هەبوە لە سەرکەوتنی سەردانەکەی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق، جەختیش دەکەنەوە دیپلۆماسییەت و گفتوگۆ دوو بنەمای هێزن بۆ پاراستنی خەڵک و دوورخستنەوەیان لە جەنگ، ئەوەش پێویستی بە هەوڵێکی گەورەیە هەیە و لەو پێناوەدا رۆڵی باڵیۆزخانەکان بەرز دەنرخێنن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، جێگەی نیگەرانییە کەلەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەبینن دیاردەی چەکداری لەکۆمەڵگەدا پەیدابوە و پێویستە دیپلۆماسییەت و گەشەی ئابووری ببنە جێگیرەوەی ئەو دیاردەیە، چوونکە درووستکردنی شەڕ ئاسان و درووستکردنی ئاشتی قورسە و پێویستە دیپلۆماسییەت بکرێت بەرێگە چارەی چارەسەری کێشەکان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، لێرەوە داوا دەکەن هەموان کار بۆ درووستکردنی وتارێکی نیشتیمانی بکەن بۆ ئاشتی و بەرژەوەندی گەلانی عێراق، هەروەها باوەڕیانوایە حکوومەت سەرکەوتو بوە لە پەرەپێدانی دیپلۆماسییەت و کەمکردنەوەی هێزە بیانییەکان لە ووڵاتدا، هەروەها رۆڵی دامەزراوەی دیپلۆماسییەتی عێراق لە تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی بە رۆڵیکی گرینگ و سەرکەتو دەبینن، لەئێستاشدا عێراق چەندین رێککەوتنی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ، ئێران، سەعوودیە، ئوردون و میسر و چەندین ووڵاتی دیکە واژوو کردوە بۆ پەرەپێدانی ووڵات و پێشخستنی ئابووری، بەجۆرێک چاویان لەگەیشتنە بەنمونە سەرکەوتوەکانی گەشەی ئابووری وەک ووڵاتانی روواندا و ئەفریقای باشوور.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە