موستەفا کازمی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پارێزگاری کردن لە خۆپیشاندەران ڕادەگەێنێت
پەیامی کورد ... موستەفا کازمی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پارێزگاری کردن لە خۆپیشاندەران ڕادەگەێنێت
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بەسەرۆکایەتی موستەفا کازمی کۆبوەوە و رایگەیاند، خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافێکی دەستوورییە و ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە خۆپیشاندەران بپارێزن، لەهەمان کاتیشدا نابێت ناڕەزاییەکان ببێتەهۆی گرتنی شەقام و راییکردنی ژیانی ئاسایی هاووڵاتیان.
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەراگەێندراوێکدا باسی لەوەشکردوە، خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافێکی دەستورییە و ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە مافی ئازادی رادەربڕین بپارێزن، بەڵام ئەنجامدانی رەفتاری پێچەوانەی یاسا، گرتنی شەقام، رێگریکردن لە راییکردنی ژیانی ئاسایی هاووڵاتیان و هێرشکردنە سەر موڵکی گشتی و تایبەت رێگەپێدراو نین.
ئەوەش هاتوە، لە کۆبوونەوەکەدا پابەندبوونی حکوومەتی عێراق بە پاراستنی ئەرکی نێردە دیپلۆماسییەکان و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان دووپاتکرایەوە و جارێکی دیکەش رەتیدەکەنەوە عێراق ببێتە ناوەندێک بۆ هەڕەشە لەسەر ووڵاتانی دیکە.
ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لەلایەنەکانی عێراق بەهۆی ناڕەزاییان لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و ووڵاتێکی هەرێمی بە "ساختەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکەن".
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە