مووچه‌ى پله باڵاکان دەگاتە ئەم ئاستە
پەیامی کورد ... مووچه‌ى پله باڵاکان دەگاتە ئەم ئاستە
به‌ڕێوبه‌رى گشتی خانه‌نشینی هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت، ئێستا پێداچوونه‌وه به ته‌واوى مه‌له‌فى خانه‌نشینی پله باڵاکان (تایبه‌ته‌کان)دا کۆتایی هاتووه و له سبەینێ وه به هه‌مان شێوه پرۆسه‌ى ووردبینی خانه‌نشینی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌ست پێ ده‌کات و به کۆتاییهاتنى پرۆسه‌که مووچه‌ى ئه‌و توێژانه به‌گوێره‌ى یاساى چاکسازى دابه‌ش ده‌کرێت.
حازم گۆران، به‌ڕێوبه‌رى گشتی خانه‌نشینی هه‌رێمى کوردستان، ڕایگه‌یاند: "یه‌کێک له به‌رنامه‌کانی چاکسازی حکوومه‌ت پێداچوونه‌وه بوو به دۆسیه‌ى خانه‌نشینی پله باڵاکاندا، خۆشبه‌ختانه ئێستا یه‌کلاییکردنه‌وه و ووردبینی خانه‌نشینانى پله تایبه‌ته‌کان که له ماوه‌ى ڕابردوودا ده‌ستى پێ کرد کۆتاییى هاتووه و، توانراوه له ڕێگه‌ى به‌ڕێوەبه‌رایه‌تییه گشتییه‌کانى پارێزگاکانەوە ته‌واوى فۆرمه‌کان به‌سه‌ر خانه‌نیشینانى پله باڵادا دابه‌ش بکرێت که ژماره‌یان له ٢٠٠ هه‌زار زیاتره، بەشێکى زۆرى فۆرمه‌کان گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ى تێبینى کراوه بەشێک له خانه‌نشینان له کاتى پێداچوونه‌وه به دۆسییه‌کانیاندا له‌ناو مه‌له‌فه‌کانیان هیچ خزمه‌تێکى تێدا نه‌بووه که ڕۆژێک له ڕۆژان ئه‌و ده‌وره‌ى بووبێت، بۆیه به‌پێى یاساى چاکسازى پله‌که‌ى لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه و ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه بۆ پله‌ى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى".
گۆران ووتیشى: "به شێوه‌یه‌کى گشتى له هه‌موو هه‌رێمى کوردستان ٢٤٢ هه‌زار خانه‌نشینى به هه‌موو چین و توێژه جیاوازه‌کان له به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی خانه‌نشینی مووچه وه‌رده‌گرن (پێشمه‌رگه، ئاسایش، پۆلیس، خانه‌نشینى شارستانى). شتێک هەیە و ده‌بێت لاى هاووڵاتییان ڕوون بێت کە پرۆسه‌ى ووردبینی ته‌نها بۆ پله باڵاکان نییه، به‌پێى ئه‌و میکانیزمه‌ى دانراوه، ڕێکخستن و جیاکردنه‌وه بۆ خانه‌نشینان ده‌کرێت، واته هه‌موو ئه‌و خانه‌نیشینانه‌ى که له ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دا‌رایین، مووچه‌کانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خانه‌نشینی له‌نێو هه‌مان وه‌زاره‌ت که ژماره‌یان نزیکه‌ى دووهه‌زار خانه‌نشینه".
ڕوونیشى کرده‌وه: "ئه‌و ڕێکخستنه‌وه‌ى که بۆ خانه‌نشینان ده‌کرێت، ڕۆڵى گرینگى ده‌بێت له سیستەمی دابه‌شکردنى مووچه و که‌مکرنه‌وه‌ى ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ى که ئێستا ده‌بینرێت، چوونکه ئه‌وکات هه‌ر خانه‌نشینێک له ڕێگه‌ى بانکه‌وه ده‌توانێت مووچه‌که‌ى وه‌ربگرێت".
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە