میلیشیاکان بە نیازی تێکشکانی نووری مالکی ین

پەیامی کورد     ...    میلیشیاکان بە نیازی تێکشکانی نووری مالکی ین

پێدەچێت هیچ ناوبژیوانێکى ناوخۆیی و جمووجۆڵەکانى ئەم دواییەى ئێران نەیتوانىبێ هەڵوێستى رابەرى ڕەوتى سەدر " مۆقتەدا سەدر " بگۆرێت لە بەشداریکردنى گرووپە میلیشیاکان لە حکوومەتى داهاتوو عێراق کەبڕیارە لەقۆناغی داهاتوو پێک بهێندرێت.

موقتەدا سەدر، کە فراکسیۆنەکەى خاوەنى ٧٣ کورسی پەرلەمانییە، سوورە لەوەى بەرەو هاوپەیمانى لەگەڵ هێزە سوننەکان بەتایبەت لەگەڵ (تقدم و عەزم) و، پارتی دیموکراتى کوردستان هەنگاو بنێت، بۆ ئەوەى "حکوومەتى زۆرینەى نیشتیمانى" وەک خۆى بانگەشەى بۆ دەکات بەدی بێت.
لە بەرامبەردا فراکسیۆنى هەماهەنگی شیعەکان کە سەرجەم گرووپە دۆڕاوەکانى هەڵبژاردنەکانى تشرینی یەکەمى ٢٠٢١ لەخۆ دەگرێت، بەردەوامن لەگفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەدر، بۆ ئەوەى پاشگەز ببێتەوە لەبەرێکەوتن بەتەنیا بۆ پێکهێنانى حکوومەتى زۆرینە.
لە هەوڵى ئەوەدان رێگرى لەهەر هەنگاوێکی سەدر بکەن بۆ ئەوەى بەو ئاراستەیە هەنگاو نەنێت و، ئەگەریش هیچ رێگرییەک لەبەردەست نەمێنێت، ئەوە سێناریۆیەکە بەسەر هەمووان هەڵگەرێنەوە، بەبێ گوێدان بەهەڵوێستەکانى تاران. دواى شکستهێنانى هەوڵەکە ناوخۆییەکان، رژێمى ئێران پیاوی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری میلیشیاکان بەنهێنى ڕەوانەى بەغدا دەکات و، کار بۆ چاککردنەوەى درزەکانى ناو ماڵى شیعە بکات.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپاى قودس، لە دوو رۆژى رابردوو لەکاتى گەیشتنى بۆ بەغدا، دەست بەجێ لەگەڵ گرووپە میلیشیاکان کۆبوویەوەو، دواتر سەردانى شارى نەجەف ی کرد. بەڵام سەردانەکەى هیچی لێ بەرهەم نەهات، چوونکە سەدر بەرامبەر نەیارانى سوور بووە لەهەڵوێستى.
بەو هۆیەوەش دووبارە مەحمەد کەوسەرانى، بەرپرسى کەیسى عێراق لەنێو حیزبۆڵلای لوبنانی، لەوێوە دەستى پێکرد کەقائانى کۆتایی پێهێناوە، بەڵام ئەمجارە ئەو کەسایەتیە کۆمەڵێک فایلی نوێی لەگەڵ هەردوو گرووپی نەیار تاتوێ کرد، ئەویش بریتی بوو لە " دوورخستنەوەى نووری مالیکی، رێبەرى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا ، بەرامبەر رێکەوتنى گرووپە میلیشیاکان لەگەڵ سەدر".
ناوەرۆکى کێشەکانی نێوان مالیکی و سەدر بۆ دەیەک زیاتر دەگەرێتەوە، کاتێک سەرۆک وەزیرانى پێشووتر هەڵمەتێکى فراوانی بۆ دەستگیرکردنى لایەنگرانى ڕەوتى دەستپێکرد کەناوی لێنابوو " تاجی سوارچاکان". بەدەر لەو هێنان و بردنەشدا گرووپە میلیشیاکان لە دوایین هەڵوێستیان هەڕەشەی بایکۆتکردن و دەرچوونە لەگۆڕەپانى سیاسییە، گەر هاتوو سەدر سوور بوو لە دوورخستنەوەى مالیکی لە لیستى شیعەکان.
لەلایەن خۆیەوە خالید سەرای، ئەندامى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا دووپاتی کردووەتەوە " هێزەکانى نێو هەماهەنگی شیعەکان خاوەن یەک بڕیارەو، یەک بژاردەیان لەبەردەم دوو بژاردە هەڵدەبژێرن سێهەمیان نییە". بەگووتەى خۆى " یان ئەوەیە بەپێکەوە لەگەڵ سەدر بەرەو پێکهێنانى حکوومەت دەچین، یاخود دەستمان لەپرۆسەى سیاسی دەشۆین". جەختى لەوەش کردەوە "عورفى دیموکراتى لەعێراق ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمان لەپرۆسەى سیاسی دوورناخاتەوە، چوونکە لەو کاتەیە دەبێتە گۆشەگیری و پەراوێزخستن".


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە