میلیشیا شیعەکانى عێراق لە سەر پێشنیارى کۆمارى ئیسلامى ئێران بەرامبەر تاڵیبان هێور دەبنەوە
ڕۆژنامەی عەرەبی پۆست بڵاوى کردەوە کە "گرووپە میلیشیا شیعەکانی عێراق گوتاریان دژی بزوتنەوەى تاڵیبان هێور کردووەتەوە، ئەمەش دواى ئەوە دێت کە کۆمارى ئیسلامى دڵنیای کردوونەتەوە بەوەى بەڵێنیان لە تاڵیبان وەرگرتووە لەبارەى شیعەکانی ئەفغانستان هیچ کاردانەوەیەکى توندى نەبێت".
ناس کورد کە ئەم هەواڵەى بڵاو کردووەتەوە، باسى لەوە کردووە کە ڕۆژنامەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتى لە سەرەتای سەرکەوتن و پێشڕەوییەکانی بزووتنەوەى تاڵیبان، گرووپە چەکدارییە شیعەکانی عێراق کە سەر لە بەری بەرخۆدانن چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە بۆ ئەگەر و چۆنیەتی هاوکاریکردن و بەهاناوە چوونی شیعەکانی ئەفغانستان و لە میدیاکانیانەوە هێرشیان کردووەتەسەر بزووتنەوەکە.
کۆمارى ئیسلامیش لەڕێگەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپاى قودسەوە هاتووەتە سەر خەت و ئەو گرووپانەی دڵنیا کردووەتەوە کە تاڵیبان گفتیان داوە کە کەمینەی شیعەی هەزارە لە ئەفغانستان پارێزراو بن لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک کە ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان قاسم سلێمانی و تاڵیباندا واژوو کراوە. ئەمەش دەرخەرى ئەوەیە کە کۆمارى ئیسلامى لەمێژە پەیوەندى لەگەڵ تاڵیبان و ئەلقاعیدەدا هەبووە و هەیە و وەک باوکى مەعنەوەى و لۆجیستى ئەو هەژمار دەکرێت.
ڕۆژنامەی عەرەبی پۆست نووسیویەتى کە "پاش ئەو دڵنیاییە، گروپە شیعەکانی عێراق سەرنجى زیاتریان خستووەتە سەر دۆڕان و شکستی ئەمریکا و خۆیان بەدوور دەگرن لە هێرشکردنەسەر تاڵیبان و وەک پێشوو هێرشی میدیایی ناکەنە سەر تاڵیبان.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە