میلیشیا شیعەکان پەیامێکی گرینگ سەبارەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاراستەی " سوودانی " سەرۆکوەزیرانی ئەو ووڵاتە دەکەن

پەیامی کورد   ...  میلیشیا شیعەکان پەیامێکی گرینگ سەبارەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاراستەی " سوودانی " سەرۆکوەزیرانی ئەو ووڵاتە دەکەن

پەیامێك لە میلیشیا شیعەكانەوە بۆ موحەمەد سوودانی : ئەمریكا لە عێراق بكەدەرەوە
گرووپێكی چەكداری كە ناوی "هەماهەنگی بەرخۆدانی عێراقی"یان لەخۆیان ناوە و لە چەند هێزێكی چەكداری نزیك لە ئێران پێكهاتوون دەرفەتی كۆتایی دەدەنە حكوومەتەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق موحەمەد شیاع سوودانی بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە ووڵاتەكە.
لە ئێستادا گۆڕەپانی عێراق جۆرێك لە ئارامی ئەمنی بەخۆیەوە دەبینێت لەنێوان میلیشیاكانی نزیك لە ئێران و هێزەكانی ئەمریكا، بەتایبەت كە ئۆپراسیۆنی بۆردومان و كردنە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نزیكەی هەشت مانگە ڕاگیراون.
ئەم ماوە ئارامییە بە درێژترین ماوە دادەنرێت لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبوومەهدی مۆهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە بۆردومانێكی ئەمریكا نزیك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٠.
شەوی شەممە لە بەیاننامەیەكدا هەماهەنگی بەرخۆدانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، لەژێر سێبەری پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكانی ئەم دواییانەدا كە بەرۆكی ووڵاتیان گرت، دەستەی بەرخۆدان جەخت دەكاتەوە ڕۆڵی لە پێشتر و ئێستاشدا لە بەرژەوەندی گەلە خۆشەویستەكەمان گێڕاوە، یەكێك لە ئەركەكانیشی ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان بووە دژی مانەوەی سەربازی ئەمریكا لە عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە مانای ئەوە نییە ڕازین بە بەردەوامی مانەوەی نایاسایی هێزەكانی ئەمریكا كە پێشێلی دەستووری عێراقە، مانای ئەوەش نییە كە چاومان داخستووە لە دەستوەردانەكانی ئەمریكا لە كاروباری ووڵات و پێشێلكردنی سەروەری ووڵاتەكە.
جەختی لەوەش كردەوە، بەردەوامی مانەوەی سەربازیی و هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا و ئەو ڕۆڵە سیخوڕییەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەیگێڕێت بڵاوكردنەوەی خراپەكانی و لادانێكی ئەخلاقییە و كردنە ئامانجی بەردەوامی عێراقە بە بنەما و بەها و دابوو نەریتەكانییەوە.
باسی لەوەش كرد، دەستەی بەرخۆدان بەپشتبەستن بەو هەوڵانەی حكوومەتی عێراق دەیدات، دەرفەتی كۆتایی دەداتە سوودانی بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكارییانە، دەبێت هەمووان بزانن سەبر و ئارامگریمان سنووری هەیە، هەموو كردارێك كاردانەوەی خۆی هەیە. 
پێشتر كەناڵی سابرین نیوز بڵاویكردەوە، چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە عێراقەوە ئاشكرایان كردووە ئەمریكا پلانی هەیە بۆ كوشتنی چەند سەركردەیەكی هێزە چەكدارەكانی عێراق.
كەناڵەكە ئاماژەی بەوەش كرد، ئەلینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا بە چەند لایەنێكی سیاسی ووتووە واشینتۆن بەنیازی كردنەئامانجی چەند سەركردەیەكە لە سەروو هەمووشیانەوە ئەكرەم كەعبی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی نۆجەبا، كە ئەندامی ناو حەشدی شەعبییە، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گوایە كەعبی هێرشی كردووەتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هەڕەشەی لێكردوون كە ڕێگەنادات بەوەی بەدڵی خۆیان مامەڵە بكەن لەسەر خاكی عێراق.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە