مێرگەسۆر دەکرێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان

پەیامی کورد   ...   مێرگەسۆر دەکرێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان

پڕۆژەیەک پێشکەشی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی مێرگەسۆر و بارزان ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، بڕیارە دەستەی ژینگە کاری لەسەر بکات و دیراسەی بکات و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و بەفەرمی مێرگەسۆر ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.

فەیسەڵ سادق، بەڕێوبەری گشتی گەشت و گوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند، ماوەیەکە پڕۆژەی بوونی مێرگەسۆر و دەڤەری بارزان ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت و بەهۆی ئەوەی ئەو دەڤەرە تایبەتمەندی خۆی هەیە لە ڕووی ژینگەیی یەوە و پرۆسەکە زۆر بە ڕێک و پێکی یەوە بەڕێوەدەچێت و پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆشی بە ڕۆشنبیری خەڵکی ناوچەکەوە هەیە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە پڕۆژەیەک ئامادەکراوە، بۆ ئەوەی مێرگەسۆر و بارزان وەکوو پایتەختی ژینگە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بناسێندرێت.

فەیسەڵ سادق ووتیشی، بەپایتەخت بوونی ژینگە پێویستی بە مەرج و کارکردن هەیە و کاتی خۆی هەندێک تێبینی هەبوون ئێستا هەموو مەرجەکانی تێدایە و کاری زۆر باشی لەسەر کراوە و ئێستا زۆر ئامادەیە بۆ ئەوەی مێرگەسۆر و بارزان ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان و هەر پێویستیەکیش هەبێت دوانەخرێت دواتر کاری لەسەر بکرێت و هەر ڕێکارێک پێویست بێت ئەویش تەواو دەکرێت، بۆیە ئێستا پڕۆژەکە دراوە بە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئەویش دیراسەی دەکەن و ئەوانیش شارەزا و پسپۆریان هەیە کاری لەسەر دەکەن هەرکاتێک کاری خۆیان تەواوکرد ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری لێ بدرێت و بەفەرمی مێرگەسۆر و بارزان بکرێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.

لای خۆشیەوە سەرچاوەیەک لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە بەفەرمی بۆ ئێمە نێردراوە لە لایەن قایمقامیەتی مێرگەسۆر و دیراسە دەکرێت و دواتریش ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، چوونکە ئەو ناوچەیە لە سەردەمی شێخ عەبدۆلسەلام بارزانی یەوە تا ئێستاش ژینگە پارێز و ئاژەڵ پارێزن و ژینگەیەکی زۆر پاکی هەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و زۆر ئاژەڵی دەگمەنیشی لێیە، بۆیە هەموو مەرجەکانی تێدایە و لیژنەیەکیش سەردانی ئەو ناوچەیە دەکات و دواتریش بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەوەی مێرگەسۆر ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.


ئەم بابەتە 47 جار خوێندراوەتەوە