مێکانیزمێکی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ووردبینی کردن لە داهات و خەرجییەکان دیاریکرا
پەیامی کورد ... مێکانیزمێکی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ووردبینی کردن لە داهات و خەرجییەکان دیاریکرا
ووتەبێژی جێگری سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو تیایدا میکانیزمی هاوبەش بۆ ووردبینیکردن لەداهات و خەرجیەکان دیاریکرا.
سەمیر هەورامی، ووتەبێژی جێگری سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەچوارچێوەى دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵاى حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغداد، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان بەرێوەچو.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئاوات شێخ جەناب و دكتۆر ئومێد سەباح و دكتۆر ئامانج رەحیم و خالد چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فارس عیسا ئامادەى بوون، رێوشوێن و میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەش بە فەرمی واژووکرا بەمەبەستی هەماهەنگی نێوان هەردو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و هەرێم.
ووتەبێژی جێگری سەرۆکی وەزیران باسی لەوەشکرد، ھەر لە كۆبوونەوەكەدا ھەردوولا جەختیان كردەوە كە پێكەوە كار دەكەن و ئامادەكاری تەواویان كردوە بۆ ئەوەی راپۆرتێك ئاراستەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان بکرێت، بەمەبەستی ئاسانكاری جێبەجێکردنی یاساى بوودجەى ساڵى ٢٠٢١ى عێراق لە پێناوی خەرجکردنی ماف وشایستە داراییەکانی هەرێم.
ئەوەشی خستەڕوو، شاندی هەرێمی کوردستانیش لەسەر راسپاردەى قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی دانووستانکار، ئامادەیی خۆی نیشاندا کەهەموو ئاسانکاری و ئامادەکارییەک بکات بۆ ئەوەى چاودێرى دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمەی لەسەری ڕێکەوتون وبە گوێرەی یاسا بەرکارەکان و ئەولەویەتیش بدەن بە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی یاسای بوودجەی عێراق پێی سپاردون لە چوارچێوەی ماددەی ١١ی یاساکە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە