مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری خانەقین و دەورووبەری بەردەوام لە زیادبوون دایە
پەیامی کورد ... مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری خانەقین و دەورووبەری بەردەوام لە زیادبوون دایە
مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری خانەقین و دەورووبەری بەردەوام زیاد دەكەن و بە قەنناس چالاكی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و هاووڵاتی سڤیل و چەكدارانی هێزەكانی سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی دەكوژن.
ئەكبەر حەیدەر، جێگری لێپرسراوی لقی ١٥ـی خانەقینی پارتی، ڕایگەیاند: "تیرۆریستانی داعش بەردەوام چالاكی تیرۆریستی یان هەیە و، هێرش دەكەنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و شەهیدیان دەكەن، هەر لەبەر ئەو مەترسیانەی داعش، زۆربەی گوندە كوردییەكانی خانەقین چۆڵ كراون و هاووڵاتییان بۆ پاراستنی گیانیان زێدی خۆیان جێ دەهێڵن".
حەیدەر ووتیشی: "لە خانەقین و دەووربەری هێزی مغاویری و سوپا و هێزی پۆلیسی فیدڕاڵی و سوپا و حەشدی شەعبی هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە ڕێگری لە هێرشەكانی داعش بكەن و بەردەوام داعش هێرش دەكاتە سەر ئەو هێزانە و لێیان دەكوژێت و برینداریان دەكات".
ناوبراو دەشڵێ: "شەوی ڕابردوو داعش بە مەفرەزەیەكی سێ كەسی لە ناحیەی گوڵاڵە هێرشی كردە سەر بنكەیەكی پۆلیس و دوو پۆلیس بریندارن و پۆلیسێكیش كوژراوە، هەروەها هاووڵاتییەكیش بریندارە، پاشان هێرشیان كردە سەر هێزی مغاویری، لە ئێستاشدا تیرۆریستانی داعش چالاكییەكانیان زیاتر لە ڕێگەی بەكارهێنانی چەكی قەنناسەوە ئەنجام دەدەن".
"ئەو هێزانەی عێراق كە جێگیر كراون، شارەزای سنوورەكە نین، بۆیەش ناتوانن كۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنی بكەن و ڕێگری لە كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش بكەن، ئەوەش وای كردووە داعش بەردەوام چالاكییەكانی پەرە پێبدات، شەوانەش مەفرەزەكانیان بە ئاشكرا دەگەڕێن و چالاكی خۆیان ئەنجام دەدەن، كە بەردەوام هێزە ئەمنییەكانیش كوژراو و برینداریان هەیە". ئەكبەر حیدەر وای گوت.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە